ئەمەریکا ستایشی ڕێککەوتنی وەبەرهێنانی نوێی نێوان عەرەبستانی سعودیە و سوریا دەکات، و بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ هەوڵەکانی بونیاتنانەوەی سوریا لە دوای شەڕ، ناودێری دەکات.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا، ڕۆژی شەممە لە ڕاگەیاندنێکدا لە تۆڕی ئێکس، دەڵێت " پێشوازی لە ڕێککەوتنەکانی وەبەرهێنانی سعودیە و سوریا دەکەین کە لەم هەفتەیەدا ڕاگەیەندرا. هاوبەشی ستراتیژی لە بواری فڕۆکەوانی، ژێرخان و پەیوەندییەکان، بەشدارییەکی ماناداری دەبێت لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی سوریادا."
باراک ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتنەکان ڕەنگدانەوەی ڕوانگەیەکی فراوانتری ئەمەریکا و گوتی " هەر وەکو سەرۆک ترامپ جەختی لەوە کردووەتەوە سەقامگیری ناوچەیی بە باشترین شێوە کاتێک بەدەستدێت کە وڵاتانی ناوچەکە بەرپرسیارێتی داهاتووی خۆیان لە ئەستۆبگرن و ئەم هاوبەشییەش لەسەر بنەمای ئەو پرنسیپەیە."
ئەم ڕێککەوتنەی نێوان سوریا و سعودیە لە کاتیکدایە کە دیمەشق لە هەوڵی دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی وەبەرهێناندایە پاش زیاتر لە دە ساڵی شەڕ و ناکۆکی لەو وڵاتەدا کە زیانێکی زۆری بە ژێرخانی ئابوری گەیاندووە.
سوریا و شانشینی عەرەبستانی سعودیە ڕۆژی شەممە لە دیمەشق زنجیرەیەک ڕێککەوتنی ستراتیجییان واژۆ کردووە کە بریتین لە فڕۆکەوانی، پەیوەندییەکان، ژێرخان و خانوبەرە.