سەرۆکی ئەمەریکا دانوستاندنەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا بە باش ناودێرکرد و جەختیشی لەوە کردەوە کەشتییەکی گەورەی ئەمەریکا بەم زووانە دەگاتە دەوروبەری ئێران.
سەرۆک دۆناڵد ترامپ ئێوارەی هەینی لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێران گوتی"پێدەچێت ئێران بەڕاستی بە پەرۆشبێت بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک، و بابزانین ئەو ڕێککەوتنە چۆن دەبێت. بەڵام پێم وایە زۆر دەیانەوێت ئەو ڕێککەوتنە بکەن و دەشبێت وابن."
سەرۆکی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە گفتوگۆکانی پێش هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی، وتی " جاری ڕابردوو بڕیاریان دا ڕەنگە ڕێککەوتن نەکەن، بەڵام پێدەچێت ئێستا هەستیان جیاوازبێت. جا بابزانین ئەم ڕێککەوتنە چی دەبێت. جیاواز دەبێت لە جاری ڕابردوو. ئێمە کەشتییەکی گەورەمان هەیە، پێکهاتەیەکی گەورەی دەریایی کە بەو ئاراستەیە دەجووڵێت. بەم زووانە لەوێ دەبین. بۆیە دەبینین دەرئەنجامەکەی چییە."
پەیامنێرێک ئاماژەی بە ئامادەبوونی شاندی ئەمەریکایی بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا و جێرد کوشنەر ڕاوێژکاری باڵای سەرۆک ترامپ و براد کوپەر سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا لە وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە عومان کرد و لە سەرۆک ترامپی پرسی"پێناچێت هێشتا ڕێککەوتنێک هەبێت، ئامادەی تا کەی چاوەڕێ بکەیت؟"
ترامپ لە وەڵامدا گوتی "ئێمە کاتێکی زۆرمان هەیە. ئەگەر ڤەنزوێلاتان لەبیرە، ئێمە ماوەیەک چاوەڕێمان کرد. ئێمە هیچ پەلەمان نییە."
گوتیشی "گفتوگۆیەکی زۆر باشمان لەگەڵ ئێراندا هەیە، گفتوگۆیەکی زۆر باشمان لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیاشدا هەیە، ئێمە گفتوگۆی زۆر ئەنجام دەدەین."
سەبارەت بە بەردەوامی گفتوگۆکان سەرۆک گوتی " سەرەتای هەفتەی داهاتوو جارێکی تر کۆدەبینەوە، ئەوانیش دەیانەوێت گرێبەستێک بکەن، دەشبێت بیانەوێت. ئەوگەر نەیکەن خۆیان دەرئەنجامەکانی. ئەگەر گرێبەستێک نەکەن، دەرئەنجامەکانی زۆر قورس دەبێت. بۆیە چاوەڕێ دەکەین بزانین چی ڕوودەدات."
ڕۆژی هەینی کۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆی نێوان نوێنەرانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو. بەڵام هیچ وردەکارییەک لەبارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکان بڵاونەکراوەتەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا شاندی ئەمەریکایی بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا و جێرد کوشنەر، ڕاوێژکاری باڵای دۆناڵد ترامپ بەشدارییان کرد. نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیش بە سەرۆکایەتی عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بوو.