ئەمەریکا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی سزای نوێی سەپاند بەسەر بازرگانانی نایاسایی نەوتی ئێران.

لە بەیاننامەیەکدا، تۆمی پیگەت، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سزاکان 15 قەوارە، دوو کەس و 14 کەشتی سێبەر، دەکەنە ئامانج کە پەیوەستن بە بازرگانی نایاسایی بە نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێرانەوە. دەشڵێت ئەو کەس و قەوارانەی کە بە ئامانج گیراون، بوونەتە هۆکاری بەدەستهێنانی داهات بۆ ڕێژیمی ئێران کە بۆ ئەنجامدانی چالاکییە خراپەکانی خۆی بەکاری دەهێنێت.

پیگەت گوتیشی "تا ئەو کاتەی ڕێژیمی ئێران هەوڵی خۆدزینەوە لە گەمارۆکان و پەیداکردنی داهاتی نەوت و پترۆکیمیایی بدات بۆ دابینکردنی بودجە بۆ ڕەفتارە سەرکوتکارییەکانی و پشتیوانی چالاکی تیرۆرستی و بەکرێگیراوەکانی، ئەمەریکا هەنگاو دەنێت بۆ بەرپرسیارکردنی ڕژێمی ئێران و هاوبەشەکانیشی."

گوتیشی " سەرۆک پابەندە بە داگرتنی هەناردەی نایاسایی نەوت و پترۆکیمیایی ڕێژیمی ئێران لە ژێر هەڵمەتی زۆرترین فشاری بەڕێوەبەرایەتییەکەدا."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی بە دەنگی ئەمەریکاشی ڕاگەیاند، ئاگاداری هەواڵەکانی میدیای دەوڵەتی ئێرانن کە باس لەوە دەکەن هێزی سەربازیی باڵای ڕێژیم، سپای پاسداران، لەم هەفتەیەدا دەستیان بەسەر دوو کەشتیی بیانی لە کەنداوی عەرەبیدا گرتووە و ئەندامانی تیمی کەشتییەکانیان دەستبەسەر کردووە. سوپای پاسدارانی لەلایەن ئەمەریکاوە وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆرستی دەستنیشان کراوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایشیگەیاند " ئەمە لەگەڵ نەخشێکی دوورودرێژی ڕژێمی ئێران دەگونجێت کە بێ بنەما دەست بەسەر کەشتیە سڤیلەکاندا دەگرێت و هەراسانیان دەکات، بۆیە ئەمە هیچ شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە."

گوتیشی "ئەمەریکا پابەندە بە دڵنیابوون لە سەلامەتی ڕێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتی و پاراستنی بازرگانی جیهانی کە گرنگە بۆ سەلامەتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی ئەمەریکا."