سەرچاوەیەکی کۆشکی سپی کات و شوێنی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاست دەکاتەوە

بەرپرسێکی کۆشکی سپی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە کە دانوستاندن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا کاتژمێر 10ی بەیانی ڕۆژی هەینی لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوە دەچێت.

ڕۆژی چوارشەممە 4ی مانگی دوو، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە دەقێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "X" بڵاوی کردبووەوە بڕیارە دانوستاندنەکان هەینی کاتژمێر 10ی بەیانی بە کاتی خۆجێیی لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوە بچێت.

لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بەم ڕاگەیاندنە، بەرپرسێکی کۆشکی سپی ئەو "شوێن و کاتە"ی پشتڕاست کردەوە.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پێشتر هەر لە ڕۆژی سێشەممە، گوتی لەم هەفتەیەدا دانوستاندن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەڕێوەدەچێت.

سەرۆک ترامپ لە درێژەی قسەکانیدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە نێویاندا سیناتۆر لینزی گراهام، وتی هێشتا ماوە بزانرێت ئایا لە ڕاستیدا هیچ شتێک لەم دانوستانانەدا ڕوودەدات یان نا.

سەرۆک ترامپ گوتیشی، کۆماری ئیسلامی لە ڕابردوودا چانسی گەیشتن بە ڕێککەوتنی لە ڕێگای دانوستانەوە هەبوو، بەڵام دانوستانەکان سەرکەوتوو نەبوون و ئێمە ئۆپەراسیۆنی "چەکوشی نیوەشەو"مان ئەنجام دا.

لەلایەکی ترەوە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسی کانزا دەگمەنەکان، هەڵوێستی واشنتنی بەرامبەر تاران ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند حکومەتی ئەمەریکا ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ هەر ئەکتەرێکی جیهاندا بکات و ئاماژەی بەوەشکرد لە ڕوانگەی ئەمەریکاوە دیالۆگ بە مانای ڕەوایەتیدان بە لایەنی بەرامبەر نییە، بەڵکو نیشانەی ئامادەیی دانیشتن و گوێگرتن و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لەگەڵ هەر وڵاتێکدا، جا هاوپەیمان بێت یان دوژمن.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتی پرسگەلێکی وەکوو مووشەکی بالیستیکی ئێران، پشتیوانی لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە، بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی و مامەڵەی حکوومەت لەگەڵ هاووڵاتیانی دەبێت لە ناوەندی هەر دیالۆگێکدا بن.