نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات دوای پاشەکشەی هەسەدە مەترسی داعش زیادی کردووە

لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە هەڕەشەکانی داعش، بەرپرسێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە چەند مانگی ڕابردوودا مەترسییەکانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) زیادی کردووە.

ئەلێکساندەر زۆێڤ، یاریدەدەری سکرتێری گشتی ئۆفیسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەو تەکنۆلۆژیا نوێیەی کە چەکدارە جیهادییەکان بەکاریدەهێنن، مەترسییەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە زیادبووندایە.

ئەلێکساندەر زۆێڤ، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نوسینگەی دژە تیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەیدا بۆ وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مەترسییە ئاسایشییەکانی جیهانی ڕایگەیاندووە، "داعش لە عێراق و کۆماری عەرەبی سووریادا چالاکە، لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکان و هەوڵی نوێ بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە".

گوتیشی لە سوریا "دۆخی ئاسایشی زۆر هەستیارە، داعشیش بەردەوامە لەوەی بۆشایی سەرکردایەتی و گرژییە تائیفیەکان بقۆزێتەوە."

زۆێڤ هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە “کشانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە کەمپی ئەلهۆڵ لە 21ی مانگی یەک، کێشەی مرۆیی نوێی بەدوای خۆیدا هێناوە."

سەبارەت بە بارودۆخی کەمپی ئەلهۆڵ و ئاسایشی ناوچەکە، ئەحمەد بەرەکات، ئەمینداری گشتی پارتی دیموکراتی پێشوەڕۆی کورد لە سوریا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ڕاستە ئیتر هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە کەمپی ئەلهۆڵدا نەماون، کەمپەکەش ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی کاتیی سوریا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکادایە".

بەرەکات گوتیشی "دوای ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کەمپەکە و ناوچەکەیان بەجێهێشت، شانەکانی داعش چالاک بوون، بەتایبەتی لە ناوچەی بیابانی پاڵمێرا و لەسەر سنوری عێراق و سوریا."

کەمپی ئەلهۆڵ کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی حەسەکەوە، تا کۆتایی مانگی یەک لەلایەن هێزەکانی هەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش) پارێزراو بوو.

ئەو کەمپە کە گومانلێکراوانی داعشی تێدایە، لەنێویاندا ژن و منداڵی چەکدارەکان، لەمێژە ڕووبەڕووی بارودۆخی سەخت و بوونی کەسانی توندڕەو بووەتەوە.

لە ناوەڕاستی مانگی یەکدا، سوپای عەرەبی سوریا و گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمان لەگەڵ حکومەتی کاتیی سوریا پێشڕەوییان کرد بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب، دێرەزور، ڕەقە و پارێزگای حەسەکە.

هەسەدە کە بەشێکی سەرەکی بوو لە هاوپەیمانی جیهانی بۆ تێکشکاندنی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، پێشتر هەموو ئەو ناوچانەی ئازاد کردبوو و کۆنترۆڵی خۆی پاراستبوو بۆ ئەوەی ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش بکات.

ڕاپۆرتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش لە دوای کەمکردنەوەی هێزەکانی هەسەدە بە سەرۆکایەتی کورد زیادی کردووە.