وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "سیاسەتی ئێمە بەرامبەربە عێراق پێویستی بە حکومەتێکی عێراقی هەیە کە توانای کارکردنێکی کاریگەر و بەڕێزەوەی لەگەڵ ئەمەریکادا هەبێت."
وەزارەتی دەرەوە لە وەڵامی پرسیارێکی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە کاندیدی شیعەکان بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند "ئێمە ئامادەین تەواوی ئامرازەکان بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی سەرۆک (ترامپ) بخەینەگەڕ و ئەوەشمان بە سەرکردایەتی سیاسی عێراقی ڕاگەیاندووە."
ئەمەریکا نوری مالیکی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە کەسێکی شیاو نازانێت چونکە وەک سەرۆک ترامپ دەڵێت جاری ڕابردوو کاتێک مالیکی لە دەسەڵاتدا بوو، "وڵاتەکە بە هەژاری و ئاڵۆزییەکی زۆردا تێپەڕبوو".
جەختیش دەکاتەوە "نابێت ڕێگە بدرێت ئەوە دووبارە بێتەوە. بەهۆی سیاسەت و ئایدۆلۆژییە چەوتەکانییەوە، ئەگەر هەڵبژێردرا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چیتر یارمەتی عێراق نادات و، ئەگەر ئێمە لەوێ نەبین بۆ یارمەتیدان، عێراق دەرفەتی سەرکەوتن، خۆشگوزەرانی، یان ئازادی هیچ نابێت."
ئەم وەڵامەی وەزارەتی دەرەوە بۆ دەنگی ئەمەریکا پاش ئەوە بوو کە مالیکی لە وتووێژێکیدا لەگەل کەناڵی شەرقییە ڕایگەیاند کە بۆچوونەکانی ئەمەریکا سەبارەت بەو لەسەر بنەمای زانیاری هەڵەیە، گوتیشی "عێراق رووبەڕووی هیچ سزایەک نابێتەوە، ئەگەر حکومەت پێکبهێنم."
یەکێکی تر لە نیگەرانییەکانی لەسەر عێراق هەیە، بوونی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانە. کاتێک پرسیار لەسەر ئەو گرووپانە لە مالیکی کرا ئەو گوتی " پەیوەندییەکی دۆستانەمان لەگەڵیان هەیە و مێژوویەکی هاوبەش کۆمان دەکاتەوە." هەروەها گوتیشی ئەو گرووپانە "دڵنیاییان دەوێ کە دوای کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، ناکرێنە ئامانج."
شارەزایەکی سیاسی عێراقیش پێی وایە ئەوە ئەو گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبین کە خەڵک دەکەنە ئامانج و ئەجێندای ئێران لە عێراقدا بەڕێوە دەبن و دەشڵێت مالیکی پاساو بۆ گرووپەکان دەهێنێتەوە تا بێچەک نەکرێن.
ئینتیفاز قەمبەر شارەزای سیاسی و ڕاوێژکاری وتەبێژی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی مالیکی "بەم شێوەیە دەیەوێت وای لێبکات بڵێن ئەگەر لەشکری عێراق ئامادە بێت ئەوا ئەوان چەک دادەنێن یان ئەگەر ئامادە نەبێت ئەوە چەک دانانێن."
ئەو جەختیشی کردەوە لەوەی ئەو گرووپانە عێراقییەکان ناپارێزن بەڵکو کێشەن بۆ عێراق، بەڵکو"ئەوە لەشکری عێراق و پۆلیسی فیدراڵییە کە ئاسایشی عێراق دەپارێزن. ئەوەی حەشدی شەعبی دەیکات هەراسانکردنی خەڵکییە، دەستگیرکردنی خەڵکییە لە کاتێکدا 3 ملیار و نیو لە حکومەتی عێراق وەردەگرن بۆ مووچەکانیان، ئەمە بێجگە لە چەک و خۆراک و شتی تریش. کەواتە نزیکەی 9 ملیار دۆلار بە فیڕۆ دەدرێت بۆ حەشدی شەعبی و ئەوانیش تەنها شتێک کە دەیکەن هەراسانکردنی خەڵکی و جێبەجێکردنی ئەجێندای ئێرانە."
قەمبەر جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەو گرووپە چەکدارانەی سەر بە ئێران هیچ کات گوێ بە سەرۆک وەزیران نادەن بەڵکو ئەوان گوێڕایەڵی خامنەئی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانن. گوتیشی "ئەوان لە ئاستی نێونەتەویشدا بارێکی گرانن بۆ عێراق. ئەمەریکا لەبەر ئەوان هەڕەشەی سزادانی عێراق دەکات، ئەوان هۆکارن بۆ ناسەقامگیری ناوچەکە. دوا هێزن لە ناوچەکەدا کە پشتیوانی ڕژێمی ئێران دەکەن، پاش لاوازکردنی حزبوڵاو و حوسییەکان و حەماس. کەواتە زۆر ڕوونە ئەمان لە عێراق و ناچەکەدا ئەجێنداکانی ئێران جێبەجێ دەکەن و ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی سزادانی عێراق و تەنانەت بڕینی پارەی نەوتی یەدەگ کە دەچێتە یەدەگی فیدراڵییەوە. "
ئەو شارەزایە پێی وایە چەککردنی ئەو گرووپانە زۆر گرنگە بۆ عێراق و دەشڵێت تەنانەت دەستورییش نین، "لە بەندی 9ی دەستوری عێراقدا، دامەزراندنی گرووپی چەکداری قەدەغەکراوە، ئەم بەندە زۆر ڕوونە." ئاماژە بەوەش دەکات ئەم بەندە هێزی پێشمەرگە ناگرێتەوە چونکە "پێشمەرگە لە دەستوری عێراقدا وەکو پاسەوانی هەرێم ناوبراون. ئەوان لە سەدا سەد دەستوریین. هەرکەسێک بڵێت کە کوردیش پێشمەرگەی هەیە، ئەوا با بزانن پێشمەرگە تەواو دەستورییە. بەڵام حەشدی شەعبی دەستوریی نییە."
پاش ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی عێراقە لە مانگی ڕابردوودا ڕایگەیاند نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید دەکاتەوە، سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند "دەبیستم وڵاتی مەزنی عێراق ڕەنگە هەڵەیەکی گەورە بکات، ئەویش بە دانانەوەی نوری مالیکی لە پۆستی سەرۆک وەزیران. دوا جار کە مالیکی لەسەر دەسەڵات بوو وڵاتەکە کەوتە هەژاری و بێ سەروبەرییەکی تەواو. نابێت ڕێگە بدرێت جارێکی دیکە ئەمە ڕووبداتەوە."
سەرۆک ترامپ گوتیشی " ئەگەر بێت و هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چیتر یارمەتی عێراق نادات وە ئەگەر ئێمە لەوێ نەبین بۆ یارمەتیدان، عێراق هیچ هەلێکی بۆ سەرکەوتن و گەشەکردن و ئازادی نابێت. عێراق مەزن بکەنەوە!"
ماوەی دەسەڵاتی نوری مالیکی لە عێراق وەک سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە لە ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٤ یەکێکە لەو قۆناغانەی کە زۆرترین مشتومڕی لەسەرە لە مێژووی نوێی وڵاتەکەدا.
لە سەردەمی حکومەتەکەی مالیکیدا جیاکاری سیاسی زۆر لە نێو سوپای عێراقدا دژ بە سوننەکان ڕوویدا، حکومەتەکە تۆمەتبار کرا بە گەندەڵییەکی بەرچاو لە ناو دەسەڵاتی سیاسی و لەشکریشدا، سەرکردایەتییەکی زۆر لاوازی هەبوو کە لە ئەنجامدا لە ساڵی ٢٠١٤ داعش بەشێکی گەورەی عێراق و سوریای کۆنترۆڵ کرد لە ناویاندا شاری موسڵ.
بەشێک لە عێراقییەکان کۆنترۆڵکردنی شاری موسڵ لەلایەن داعشەوە بە کارەساتی شکستی حکومەتەکەی مالیکی دەزانن.
لە کاتێکدا بۆ بوون بە سەرۆک وەزیران لە ڕابردوودا کوردیش پشتیوانی لێکردبوو بەڵام لە سەردەمی دەسەڵاتەکەیدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردیشدا تێکدا، چەندین گرفتی خاک و بودجە لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی بەغدا سەریهەڵدا.