ئێران یەکێک بووە لە بابەتەکانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکی نێوان سەرۆک ترامپ و سەرۆکی چین

سەرۆک دانۆڵد ترامپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی چین، شی جین پینگ ئەنجام داوە و تیایدا تاوتوێی چەندین بابەت کراوە لە ناویاندا ئێرانیش.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی چوارشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث پەیوەندییەکەی بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی زۆر "زۆر باش" ناودێر کرد.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کردووە کە پەیوەندییەکی دوورودرێژ و گشتگیربووە و بابەتەکانی کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا تاوتوێ کراون بریتی بوون لە "بازرگانی، لەشکری، گەشتەکەی مانگی چوارم بۆ چین ( کە بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی دەکەم!)، تایوان، شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، دۆخی ئێستا لەگەڵ ئێران، کڕینی نەوت و گاز لەلایەن چینەوە لە ئەمەریکا، ڕەچاوکردنی کڕینی بەرهەمی کشتوکاڵی زیادە لەلایەن چینەوە لەوانەش بەرزکردنەوەی ڕێژەی پاقلەی سۆیا بۆ 20 ملیۆن تۆن بۆ وەرزی ئێستا (ئەوان پابەند بوون بە 25 ملیۆن تۆن بۆ وەرزی داهاتوو!)، گەیاندنی بزوێنەری فڕۆکە، و چەندین بابەتی تر."

سەرۆک ترامپ سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ چینیش دەڵێت "پەیوەندی کەسی من لەگەڵ سەرۆک شی، پەیوەندییەکی بێئەندازە باشە و هەردووکمان لەوە تێدەگەین کە چەندە گرنگە پەیوەندییەکە بەو شێوەیە بمێنێتەوە."

سەرۆک ترامپ لەوبڕوایەدایە لە ماوەی سێ ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتیدا " شتی زۆر ئەرێنی لەگەڵ سەرۆک شی و گەلی کۆماری چین بەدەستدێت."

ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی چین لە کاتێکدایە، ئەمەریکا بژاردەکانی دژ بە ئێران هەڵدەسەنگێنێت، و لە مانگی ڕابردوودا سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند لە سەدا 25 باجی گومرک دەسەپێنێت بەسەر کاڵای هەر وڵاتێک کە لەگەڵ ئێراندا مامەڵەی بازرگانی هەبێت و چینیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا هەیە.