ڕوبیۆ: بەڕێوبەرایەتی ترامپ دیالۆگی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران پێ باشترە

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسی کانزا دەگمەنەکان، هەڵوێستی واشنتنی بەرامبەر تاران ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند حکومەتی ئەمەریکا ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ هەر ئەکتەرێکی جیهاندا بکات و ئاماژەی بەوەشکرد لە ڕوانگەی ئەمەریکاوە دیالۆگ بە مانای ڕەوایەتیدان بە لایەنی بەرامبەر نییە، بەڵکو نیشانەی ئامادەیی دانیشتن و گوێگرتن و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لەگەڵ هەر وڵاتێکدا، جا هاوپەیمان بێت یان دوژمن.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتیشی ئەگەر وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی شیانی هەبێت، واشنتن کراوەیە بەرامبەر بەو وتووێژانە و بە وتەی ڕۆبیۆ، ئەمەریکا پێیوابووە چوارچێوەیەکی دیاریکراو بۆ ئەم دانوستانانە کە پێشتر لە تورکیا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، هاتووەتە ئاراوە، بەڵام لێدوانە دژبەیەکەکانی کاربەدەستانی ئێران ئەوە دەردەخات کە تاران چوارچێوەیەکی لەو شێوەیەی قبوڵ نەکردووە.

ڕوبیۆ دووپاتی کردەوە ئەمەریکا هەمیشە ئامادەی پەیوەندی لەگەڵ ئێران بووە و پابەندە بەم ئامادەییە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە هەر دانوستانێک دەبێت ئەجێندایەکی ڕوون و دیاریکراوی هەبێت بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی مانادار.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتی پرسگەلێکی وەکوو مووشەکی بالیستیکی ئێران، پشتیوانی لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە، بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی و مامەڵەی حکوومەت لەگەڵ هاووڵاتیانی دەبێت لە ناوەندی هەر دیالۆگێکدا بن.

ڕۆبیۆ بە ئاماژەدان بە ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی ئێران هەروەها وتی داوای سەرەکی داخوازییەکانی خۆپیشاندەران ئابوورییە و حکوومەتی ئێران ناتوانێت وەڵامی ئەو داخوازییانە بداتەوە و وتیشی یەکێک لە هۆکارەکانی بێتوانایی کۆماری ئیسلامی لە دابین کردنی ئاستێکی شایستەی ژیان بۆ خەڵکەکەی، خەرج کردنی سەرچاوە و سامانی وڵاتەکەیە بۆ پشتیوانی لە گرووپە بە وەکالەتەکانی هەروەها بۆ چالاکییە تیرۆریستیەکانی لە ناوچەکەدا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بە هەڵوێستی دۆناڵد ترامپ کرد لەبارەی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و وتی لێدوانە گشتییەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بووە هۆی ڕاگرتنی ئەو لەسێدارەدانە بەکۆمەڵانەی کە خەریک بوو ڕووبدات.

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕوبیۆ ڕایگەیاند کە ئێران پێشتر ڕازی بووە بە فۆرماتێکی دیاریکراو بۆ دانوستانەکان، بەڵام بە گوتەی ڕۆبیۆ بە هەر هۆکارێک ئەو دۆخە گۆڕاوە و ئاماژه ی بەوەشدا ئەمەریکا ئامادەیە بۆ دانوستان و بڕیاربووە دیدارەکە ڕۆژی هەینی بەڕێوەبچێت.

ڕوبیۆ لە کۆتاییدا ڕایگەیاند ئەگەر بەرپرسانی ئێران بڕیار بدەن کۆبوونەوەکە ئەنجام بدەن، واشنتن ئامادەیە و ئەگەر بیروڕایان بگۆڕن، ئەمەریکا هیچ کێشەیەکی لەگەڵدا نابێت. جەختی لەوە کردەوە کە بەڕێوبەرایەتی ترامپ هەمیشە گفتوگۆی پێ باشترە لە ڕووبەڕووبوونەوە و تیشی دڵنیا نییەم کە بکرێت لەگەڵ ئەم کەسانەدا بگەینە ڕێککەوتن، بەڵام دەمانەوێت هەوڵبدەین. ئەم سەرۆکایەتییە هەمیشە چارەسەری ئاشتیانەی لە هەر جۆرە ململانێیەک، پێ باشترە.