ئێران لە ڕاپۆرتی ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ: پێشێلکاری بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ و بەئامانجگرتنی کەمایەتییەکان

ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ (HRW) لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایدەگەیەنێت دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دوای شەپۆلێکی بێ وێنەی لەسێدارەدانەکان و سەرکوتکردنی کوشندەی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان و زیادبوونی دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە لە ساڵی 2025 و سەرەتای 2026، پێی خستوەتە نێو قۆناغێکی قەیراناویتر لەجاران. قەیرانێک کە تێیدا کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکانی لە نێویاندا کورد، بە قورسترین شێوە ڕووبەڕووی سەرکوتکردن بوونەتەوە.

لە ڕاپۆرتی جیهانی ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ بۆ ساڵی 2026 کە بەدواداچوون بۆ دۆخی مافی مرۆڤ لە زیاتر لە 100 وڵاتدا دەکات، باس لەوە کراوە کە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانی سەرتاسەری کە لە کۆتایی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە، بە شێوەیەکی بەرچاو لە مانگی یەکی ئەمساڵدا چڕتر بووەتەوە و هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هێزی کوشندەیان لە دژی خۆپیشاندەران و خەڵکی ئاسایی لە سەرتاسەری وڵات بەکارهێناوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ، بەڵگە هەیە لەسەر بەکارهێنانی توندوتیژی کوشندە بە شێوەیەکی هەماهەنگ و ڕێکخراو لە 8ی ژانویە بەدواوە و ژمارەی کوژراوانیش لە ئێران گەیشتووەتە هەزاران کەس. ئەو ڕێکخراوە زیادی کردووە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە هەمان کاتدا سنووردارکردنی بەرفراوانیان بۆ سەر ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان سەپاندووە و هەوڵی شاردنەوەی ڕادەی ڕاستەقینەی کوشتن و قوربانییەکانیان داوە.

ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند کە هێزە سەرکوتکەرەکان لە ئێران دوای چڕبوونەوەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە 8ی ژانویەی 2026دا، دەستیان داوەتە کوشتنکاری بەرفەراوانی خۆپیشاندەران، کردەوەیەک کە بە گوێرەی ئەو ڕێکخراوەیە ئەوەمان پیشان دەدات کە ئەو دەسەڵاتدارانەی خەڵکی خۆیان دەکوژن، تا ڕووبەڕووی لێپرسینەوە نەبن، بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی ئەم تاوانانە.

لەسێدارەدانی بێ وێنە و کاریگەرییەکانی لەسەر کەمایەتییەکان

ڕاپۆرتەکەی ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ جەخت لەوە دەکاتەوە کۆماری ئیسلامی ئێران لەوەتای 1980وە تا ئێستا زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانی لە ساڵی 2025دا ئەنجام داوە. بە پێی ئەو ئامارانەی خراونەتەڕوو، لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە دوو هەزار کەس لە ئێران لە سێدارە دراون کە زیاتر لە نیوەیان بە تاوانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بوون.
بەگوێرەی ئەو ڕێکخراوەیە، سزای لەسێدارەدان بەشێوەیەکی ناڕێژەیی بەرامبەر بە کەمایەتییە نەتەوەییەکان بە تایبەت کورد و بەلووچ و عەرەبی ئەهوازی و هاووڵاتیانی ئەفغانستان بەکارهێنراوە. لە نێو ئەوانەی لە سێدارە دراون، ژمارەیەک زیندانی کورد بە تۆمەتی ناڕوونی ئەمنی وەک 'موحاریبە' و 'سیخوڕی' یان 'هاوکاری لەگەڵ دوژمن' گیانیان لەدەست داوە یان تا ئێستاش لە ژێر سزای لەسێدارەدانن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لانیکەم سێ پیاوی کورد لە ساڵی 2025 بە تۆمەتی ئەمنی لە دادگاییکردنێکی بەپەلە و نادادپەروەرانە و بەبێ دەستڕاگەیشتنیان بە پارێزەری خۆیان، لەسێدارە دراون. ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە ئەم لەسێدارەدانانە بە تایبەتی دوای ململانێی سەربازیییەکەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە مانگی شەشدا چڕتر بوونەتەوە و و لەژێر ناوی 'ئاسایشی ننیشتمانیدا' ئەنجام دراون.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر بارودۆخی چالاکوانی کورد پەخشان عەزیزی کە دوای دادگایییەکی زۆر نادادپەروەرانە تا ئێستاش لەسەر ژێر سزای لەسێدارەداندا ماوەتەوە.

هەروەها ئاماژە بە ناوی وەریشە مورادی ژنە چالاکوانێکی دیکەی کورد کراوە کە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو، دواتریش لە مانگی دوازدەی ساڵی 2025 سزای لەسێدارەدانەکەی لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە هەڵوەشێنرایەوە و ئێستا بڕیار دراوە دۆسیەکەی بگەڕێندرێتەوە بۆ هەمان لقی دادگای ئینقلاب بۆ ئەوەی دووبارە دادگایی بکرێتەوە، هەنگاوێک کە ئەو ڕێکخراوەیە دەڵێت نیگەرانییەکی جددی هەیە لەبارەی نادادپەروەری و نەبوونی دادوەری سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتەکە سەدان چالاکوانی مەدەنی، داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، پارێزەر، ڕۆژنامەنووس، ئەندامانی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینیەکان هێشتا ڕووبەڕووی دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانەن. ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەرکوتکردنی کەمایەتییەکان نەک تەنها لە شێوەی دەستبەسەرکردن وسەپاندنی سزای قورسدا نییە، بەڵکو لە ڕێگەی بەکارهێنانی توندوتیژی کوشندە بەرامبەر بە کۆلبەرە کوردەکان و خەڵکی بەلووچ بەردەوام بووە.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە جگە لە سەرکوتکردنی کەمایەتییە نەتەوەییەکان، کەمایەتییە ئایینییەکانیش، لەوانە یارسانەکان ڕووبەڕووی گۆشەگیری بەردەوام بوونەتەوە.