وەزیری ناوخۆی ئێران و بەڕێوەبەری پۆلیسی کرماشان لە نێو لیستی ئەو کەسانەن کە ئەمڕۆ هەینی لە لایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاوە سزا دران.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی 30-1-2026 ڕایگەیاند وەزیری ناوخۆی ئێران ئسکەندەر موئمنی سزا دا بە هۆی ئەوەی "سەرپەرشتی هێزە بکوژەکانی جێبەجێکردنی یاسای کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات، کە لایەنێکی سەرەکی بەرپرسیارە لە کوژرانی هەزاران خۆپیشاندەری ئاشتیخواز."
خەزێنەی ئەمەریکا هەروەها سزای سەپاند بەسەر مەهدی حاجیان، بەڕێوەبەری 'هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا' لە کرماشان. دەڵێت هێزەکە بە سەرپەرشتی مەهدی حاجیان کوشتنی بە کۆمەڵ و توندوتیژی سێکسی بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجام داوە لە پارێزگای کرماشان.
سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "ڕژیم لەبری بونیادنانی ئێرانێکی ئاوەدان، هەستاوە بە فیڕۆدانی ئەو داهاتەی لە نەوتی میللەت ماوەتەوە بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی و مووشەک و بریکاری تیرۆریستی لە سەرانسەری جیهاندا. سەرۆک ترامپ لەگەڵ خەڵکی ئێران دەوەستێتەوە و فەرمانی بە خەزێنەی وڵات داوە کە گەمارۆ بەسەر ئەندامانی ڕژێم بسەپێنێت. وەزارەتی خەزێنە بەردەوام دەبێت لە کردنە ئامانجی تۆڕەکانی ئێران و نوخبە گەندەڵەکان کە لەسەر حسابی گەلی ئێران خۆیان دەوڵەمەند دەکەن."
دەشڵێت، "ڕژێم وەک جرجی سەر کەشتی نوقم بوو، سەرلێشێواوانە پارەی دزراوی خەڵکی ئێران بۆ بانک و دامەزراوە داراییەکانی جیهان دەگوازێتەوە."
ئەو کاربەدەستانەی تری کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە نێو لیستی سزاکەدان بریتین لە وەبەرهێنەری "تاوانبار" بابەک مۆرتەزا زەنجانی، فەرماندەی پاسداران لە تاران قوربان محەمەد وەلیزادە، فەرماندەی پاسداران لە هەمەدان حوسەین زاری کەمالی، هەروەها فەرماندەی پاسداران لە پارێزگای گیلان حامید دەمغانی.
سزاکان هەروەها کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی سەرمایەی دیجیتاڵی Zedcex و Zedxion دەگرێتەوە کە لە بەریتانیا تۆمارکراون و بە بابەک مۆرتەزا زەنجانییەوە بەستراونەتەوە.
لە دوای بڕیارەکەی ئەمڕۆی خەزێنەی ئەمەریکا، هەموو موڵک و سەروەت و سامانی ئەو کەس و کۆمپانیایانە بلۆک دەکرێن کە لە ئەمەریکان یان لە ژێر دەستی کەسانی ئەمەریکاییدان و هەموو مامەڵەکردنێک لەگەڵیان قەدەغەیە.