وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمەریکا بەو هیوایەی کێشەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بە ڕێگەی دانوستان و وتووێژ چارەسەربکرێت.
هاکان فیدان ڕۆژی هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ئستەنبوڵ لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی عەباس عەراقچی بۆ میدیاکانی ئاشکراکرد کە بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژی پێنجشەممە وتووێژی لەگەڵ ستیڤ ویتکۆڤ، نوێنەری سەرۆک ترامپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە. وتیشی وتووێژی کاربەدەستانی تورکیا لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمەریکا سەبارەت بە ئێران بەردەوام دەبن.
فیدان جەختی لەوە کردەوە سەلامەتی و سەقامگیری ئێران بۆ تورکیا گرنگە، بۆیە دژی هەر دەستێوەردانێکی دەرەکیـیە لە ئێران. باسی لەوەش کرد تورکیا ئەم هەڵوێستەی خۆی بە ڕوونی بە وڵاتان وتووە.
لەلایەکی دیکە، سەرۆکایەتی تورکیا ڕایگەیاند ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕۆژی هەینی بە تەلەفۆن پەیوەندی بە مەسعود پزیشکیان سەرۆکی ئێران کردووە و لە بارەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران وتووێژیان کردووە.
بەپێی سەرۆکایەتی تورکیا، ئەردۆغان ئامادەیی تورکیای دەربڕیوە بۆ هەوڵدان بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران.
بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ سوورە لەسەر ئەوەی ئێران بێتە سەر مێزی دانوستان و ڕازی بێت بە ڕێکەوتنێک کە زامنی بکات چیتر ئێران هەوڵی دروستکردنی چەکی ناوەکی نادات.
ڕژێمی ئێران بەشی هەرە زۆری سەروەت و سامانی وڵاتەکەی تەرخانکردووە بۆ دروستکردنی چەک و تەقەمەنی و کاری تیرۆری و سەرکوتکردن، ئەمەش لە کاتێکدا خەڵکی ئێران بە دەست خراپی ئابوری وڵاتەکەیانەوە دەناڵێنن.