پاش ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و حکومەتی نوێی سوریا ڕێککەوتنێکی گەشتگیریان ڕاگەیاند بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان و جیهانیش کاردانەوەی ئەرێنییان بەرامبەر بەو ڕێککەوتنە نیشان دا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ڕێککەوتنەکە بە هەنگاوێکی گرنگ و دروست دەزانێت " بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتییانە و کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان."
لە ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی هەینیدا بارزانی گوتیشی " ئێمە هەمیشە جەختمان لەوە کردووەتەوە کە دیالۆگ، لێکگەیشتن و ڕێگەچارەی سیاسی، تاکە دەرچەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەردەوام کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا بێت."
هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هیوادارە ڕێککەوتنەکە فراوانتر بکرێت و " ببێتە مایەی ئاشتی و ئازادیی زیاتر و سەقامگیری و پێشکەوتن بۆ هەموو سوریا و بە تایبەتی ناوچە کوردییەکان و ببێتە سەرەتایەک بۆ دابینکردنی مافە ڕەواکانی هەموو پێکهاتەکانی سوریا."
هیواش دەخوازێت ڕێککەوتنەکە "ڕێگە خۆش بکات بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکان بۆ ماڵ و زێد و ناوچەکانی خۆیان."
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت " ڕێز و پێزانینمان هەیە بۆ ڕۆڵی سەرۆک و حکومەت و نوێنەر و کۆنگرێسی ئەمەریکا و وڵاتانی دۆست لە کوتاییهێنان بە گرژییەکان و پشتیوانیکردنی مافە ڕەواکانی هەموو پێکهاتەکانی سووریا و سەقامگیری لە ناوچەکە."
بارەگای بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووتری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند هەر ئەمڕۆ هەینی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان مەسعود بارزانی و تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا ئەنجام دراوە.
لە ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە لەو پەیوەندییەدا تۆم باراک سوپاسی تایبەتی ئاراستەی بارزانی کردووە بۆ هەوڵە بەرچاوەکانی لە هێنانەدی ئاگربەست و پشتیوانی دیالۆگ لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک.
بارەگاکە ڕایگەیاندووە سەرۆک بارزانیش " وێڕای سوپاس و پێزانینی تایبەتیی خۆی بۆ بەڕێز سەرۆکی ئەمرریکا و هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە رۆڵیان هەبووە لەوەی لە ڕێگەی دیالۆگەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن، پشتیوانیی خۆیشی بۆ رێککەوتنی ئەمڕۆ هەینی 30ی کانوونی دووەمی 2026 دەربڕی، ئەویش لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی."
سەرۆکی یەکێتی نیشمانی کوردستان بافڵ تاڵەبانیش لە تویتێکدا پێشوازی لە ڕێککەوتنەکە دەکات و دەڵێت " سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی ئەمeریکا و فەرەنسا و وڵاتانی نێوەندگیری دیکە دەکەم و هیوادارم ئەم ڕێککەوتنە بناغەی سەقامگیری و گەشەسەندنی هەمیشەیی لە ڕۆژاڤا و سوریا دابڕێژێت."
ڕێککەوتنەکەی کە ئەمڕۆ هەینی ڕاگەیاندراوە باس لە تێکەڵکردنی دامودەزگاکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەگەڵ دامودەزگاکانی دەوڵەتی سوریا دەکات لەگەڵ دامەزراندنی فەرمانبەران.
بەپێی ڕاگەیاندنی هەردوولا، ڕێککەوتنیش کراوە بۆ یەکلاییکردنەوەی مافی سیڤیلی و پەروەردەیی گەلی کورد.
زامنکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان.
بە پێی ڕاگەیاندنەکەیان، ئامانجی ڕێکەوتنەکە، یەکخستنی خاکی سوریایە و بەدیهێنانی پرۆسەی تێکەڵکردنی تەواوە لە ناوچەکە لە ڕێگەی بەهێزکردنی هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ بنیادنانەوەی وڵاتەکە.