باڵیۆزی ئیسرائیل بۆ ئەڵمانیا سەردانی ئۆفیسی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە بەرلین دەکات

باڵیۆزی ئیسرائیل بۆ ئەڵمانیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی 29 ی مانگی یەکی 2026 سەردانی ئۆفیسی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای لە بەرلین کرد و لەوێ لەلایەن نوێنەرایەتی خۆسەر پێشوازی لێکرا.

ڕۆن پرۆسۆر لە پێگەکانی لەسەر ئێکس و فەیسبوک لەم بارەیەوە نووسیویەتی،" ئەمڕۆ سەردانی ئۆفیسی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریام لە بەرلین کرد.

دۆستایەتی نێوان هەردوو گەلمان تەنیا بەرژەوەندی هاوبەش نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی قوڵ و هەمیشەیی نێوان کەمینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە ناچارکراون بۆ بەرگریکردن لە خۆیان شەڕ بکەن.

دەبێت جیهان و ئەوروپا، کورد لە یاد نەکەن کە ئەوان بوون و ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە هێڵی پێشەوەی شەڕی دژی داعش شەڕ دەکەن، وە بەبێ ئەوان داعش دەگەیشتە ئەوروپا.

بۆیە ناکرێت جیهان و ئەوروپا بە تایبەتی لەم کاتەدا بێ دەنگ بن، دەبێت لێپرسینەوە لە حکومەتی سوریا بکەین لەسەر ئەو هێرشانەی دەیکات، وە مسۆگەر بکرێت مافەکانی کورد و هەموو کەمینەکان بۆ هەمیشە لە دەستوری نوێی سوریا بچەسپێت. هەروەها دەبێت کۆمەڵی نێودەوڵەتی سەلامەتی و پاراستنی کورد بە کردەوە زامنبکات."

لە پاش هێرشی هێزەکانی حکومەتی نوێی سوریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەنجامدانی چەندین تاوان، بەشێک لە ئیسرائیلییەکان ئەو تاوانانە بە هاوشێوەی تاوانەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە هێرشەکەی 7 ی مانگی دەی ساڵی 2023 دادەنێن.