داڕمانی تمەن و سەرکوتکردنەکان، بناغەکانی حکومەت لە تاران دەهەژێنن

ئێران لە قۆناغێکی هەستیاردایە لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا. چاودێران دەڵێن قەیرانی ئابووری، ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی خەڵک و سەرکوتکردنیان بە شێوەیەکی دەڕەندانە لەلایەن حکومەتەوە و سزاکانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا بۆ سەر تاران، وردە وردە سیستەمی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامی بەرەو داڕمان دەبات.

دابەزینی بەردەوامی بەهای تمەن و بەرزبوونەوەی خێرای نرخی دۆلار، بەشێوەیەکی گشتی ئابووری وڵاتەکەی پەکخستووە. بەرزبوونەوەی نرخەکان، لە خۆراک و دەرمانەوە بۆ خانووبەرە و وزە، ژیانی ڕۆژانەی ملیۆنان خەڵکی ئێرانی ڕووبەڕووی کێشەی جددی کردووەتەوە و هەژاری کردووەتە دیاردەیەکی بەربڵاوی وڵاتەکە و وایکردووە قەیرانە ئابوورییەکە ببێتە قەیرانێکی سیاسی و وجودی بۆ تاران.

بە گوێرەی هەواڵەکان، نرخی یەک دۆلاری ئەمەریکا، ڕۆژی پێنجشەممە، 29ی مانگی یەک، 160هەزار تمەنی لەو وڵاتە تێپەڕاندووە.

لەئەنجامی دوایین خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە کە سەرەتا لەکاردانەوە بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەستیان پێکرد، تاکو ئێستا هەزاران کەس بە تەقەی هێزەکانی حکومەت کۆژران و هەزارانی دیکەش بریندار و بێسەروشوێن کراون.

هاوکات بەرزبوونەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئەمەریکا و ڕۆژئاوا و ئەگەری کردەوەی سەربازیی ئەمەریکا وایکردووە دۆخی ئێرانی بەرەو خراپتربوون بڕوا. هەڕەشەی جموجۆڵی سەربازی له ناوچەکه و هۆشدارییە دیپلۆماسییەکان تا دێت بازاڕی دراو و ژیانی خەڵکی ناجێگیر کردووه . لەم جۆرە هەلومەرجەدا متمانەی گشتی ڕووخاوە و دەوترێت خەڵکەکە هەوڵی دەرکردنی پارە و داراییەکانیان لەبانکەکانی ئێران دەدەن.

هاووڵاتییەک لە ناوخۆی ئێرانەوە سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای ئەو وڵاتە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "خەڵک لە ترسی ئەوەی بەهای پارەکەیان هێندەی دیکە بشکێت و وەک خەڵکی جارانی سوریا و عێراقیان بەسەر بێت، هەوڵدەدەن پارەکانیان لە بانکەکان بهێنە دەرەوە و بیگۆڕن بۆ دۆلار، بەڵام ئەمە بۆ خەڵکەکە جێبەجێ نابێت."

بە وتەی ئەو هاووڵاتییە هۆکاری ئەمەش ئەوەیە نەوەک نەختینەیی نییە، بەڵکو پارەی ئێران هێندە بێ بەها بووە کە بانکەکان دراوی پێویستیان نییە و ئەگەر هەشبێت قەبارەی پارەکە ئەوەندە زۆر دەبێت کە ناتوانرێت بجوڵێنرێت و کاری پێبکرێت.

ئەو هاووڵاتییە دەشڵێت، بازاڕی ئێران لەڕادەبەدەر ناجێگیرە "بە هەواڵێک، نرخەکان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەرز و نزم دەبنەوە، هیچ شتێک پێشبینی ناکرێت."

دەشڵێت "ئەوانەی کەمێک دۆخی ئابووریان باشترە، لە ترسی شەڕ خواردن و خۆراکێکی زۆریان کڕیوە، بەڵام زۆربەی خەڵکی دیکە لەم ڕۆژانەدا لە ژیانێکی مان و نەماندا بەسەر دەبەن."

ئەم هاووڵاتییە لە کۆتاییدا دەشڵێت " زۆرینەی خەڵک هیوای بەستوە بە ترامپ و داوا دەکەن ئەم دۆخە بە لابردنی ئەم حکومەتە بگۆڕێت، چونکە هیچ ئومێدێک نەماوە بۆ چاکسازی لە ناوەوە".

زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە لە نەبوونی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان لەو وڵاتە، تاران کەوتووەتە ڕێڕەوێکەوە کە بەرەو داڕمان دەڕوات.

شارەزایەکی بواری ئابوری لە ناخۆی ئێران کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای وت "قەیرانی ئابووری کاتێک دەبێتە هەڕەشەیەکی وجودی بۆ سەر حکومەت کە لەیەک کاتدا سێ ئەرکە سەرەکییەکەی حکومەت تێکدەدات کە بریتین لە دابینکردنی بژێوی ژیان و پاراستنی متمانەی گشتی و بەڕێوەبردنی نەزمی کۆمەڵایەتی کە هەر سێیان ئێستا پەکیان کەوتووە."

دەشڵێت "ئێستا داڕمانی دراوی نیشتمانی ئێران وایکردووە حکومەت نەتوانێت نرخەکان کۆنترۆڵ بکات و بێمتمانەیی بە سیستەمی بانکی دروستبووە و حکومەت بێتوانایە لە وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵک بۆ بژێوی ژیانیان و ئەمەش وایکڕدووە ناڕەزایەتییەکان ببنە بەشێک لە دیاردەیەکی هەمیشەیی ئەم وڵاتە."

ئەو شارەزایەی بواری ئابووری دەشڵێت "لە وەها هەلومەرجێکدا وەک ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، حکومەت ناچارە زیاتر پشت بە سەرکوتکردنی خەڵک ببەستێت بۆ مانەوەی خۆی، بەڵام سەرکوتکردنەکان خۆی تێچووی ئابووری و سیاسی و نێودەوڵەتی بۆ حکومەت زیاد دەکات و سووڕی قەیرانەکان تا دێت چڕتر دەبنەوە."

سەرچاوەکە سەبارەت بە چۆنییەتی کاریگەری سزا ئابورییەکانی سەرۆک ترامپ لەدژی کۆماری ئیسلامی، دەڵێت "لەگەڵ کەمبوونەوەی سەرچاوە داراییەکان بە هۆی سزاکانی ترامپەوە، حکومەت بەرەو ئەو جێگایە دەڕوات کە تەنانەت توانای پاراستنی پێکهاتە ئیداری و ئەمنییەکانی خۆیشی نەمێنێت. ئەم پرۆسەیە وردە وردە شەرعیەت و کارایی و یەکگرتوویی نێو دەسەڵاتدارانیش لەناو دەبات."

چاودێران دەڵێن کۆی ئەم هۆکارانە، داڕمانی دراوی نیشتمانی، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، دابڕانی ئابووری، داڕمانی متمانەی گشتی، ناسەقامگیری بازاڕ و لەدەستدانی هیوای کۆمەڵایەتی لە ئێران ئەوەمان نیشان دەدات کە تاران پێی ناوەتە قۆناغێک کە لەڕووی سیاسییەوە بەرەو داڕمان دەڕوات. قۆناغێک کە قەیرانی ئابووری وڵاتەکە، نەک تەنها بژێوی خەڵکی بەڵکو بناغەکانی حوکمڕانی ئەو وڵاتەی کردۆتە ئامانج و خستۆیەتییە سەر ڕێگای داڕمان.