هەردوو سیناتۆر لینزی گراهام و ڕیچارد بلومێنتاڵ، ڕۆژی پێنجشەممە بە فەرمی یاسای پاراستنی کوردیان پێشکەش بە ئەنجومەنی سینات کرد.
بە پێی ڕاگەیاندنێکی هاوبەشی هەردوو سیناتۆر، ئەم هەنگاوە وەکو وەڵامێکە بۆ هێرشە بەردەوامەکانی هێزەکانی حکومەتی سوریا بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) کە کورد سەرکردایەتی دەکات.
ئەم بەرنوسی بڕیارە ئەگەر لە کۆنگرێس پسەند بکرێت، سزا بەسەر بەرپرسانی حکومەتی سوریا و دامەزراوە داراییەکانی سوریادا دەسەپێنێت. هەروەها ئەو کەسە بیانیانە دەکاتە ئامانج کە هەر جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ حکومەتی سوریا دەکەن، لەوانەش پشتیوانی سەربازی یان دارایی.
سیناتۆر گراهامی کۆماری دەڵێت "من باوەڕم وایە پاڵپشتییەکی بەهێزی دوولایەنە هەیە بۆ بیرۆکەی پاراستنی کورد لە سوریا و دەرەوەی ئەو وڵاتە، چونکە هاوپەیمانی زۆر متمانەپێکراوی ئەمەریکان."
لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی "هەسەدە کە کورد گەورەترین پێکهاتەیە تیایدا، لە خولی یەکەمی سەرۆک ترامپدا قورسایی شەڕی شکستپێهێنانی داعشی لە ئەستۆ گرت، من تێدەگەم کە سوریا لە ڕووی کولتووری و ڕەگەزی و سیاسییەوە ئاڵۆزە، بەڵام هێرشکردنە سەر کوردەکان پێگەی ئەمەریکا زۆر لاواز دەکات و دەبێتە ڕێگر لەبەردەم توانای سوریا بۆ گەشەکردنی وەک وڵاتێک."
بەو وڵات و گرووپانەش دەڵێت کە پێیان وایە هێرش کردنە سەر کورد لە سوریا بێ دەرەنجام دەبێت " بەداخەوە بە هەڵەدا چوون."
لای خۆیەوە سیناتۆری دیموکرات بڵومێنتاڵ وتی، “پێموایە دەبێت کورد لە سوریا بپارێزین و هەنگاو بنێین بۆ دڵنیابوون لەوەی کە لە هەر تۆڵەکردنەوەیەک لەلایەن حکومەتی سوریاوە پارێزراون بن."
هەروەها لە یاسای پاراستنی کورددا ڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە پاڵ ئەمەریکا لە شەڕی تێکشکاندنی داعشدا دیاری کراوە. هەروەها جارێکی دیکە هەیئەت تەحریر ئەلشام (HTS) وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی دەستنیشان دەکات.