ماوەی دەسەڵاتی نوری مالیکی لە عێراق وەک سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە لە ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٤ یەکێکە لەو قۆناغانەی کە زۆرترین مشتومڕی لەسەرە لە مێژووی نوێی وڵاتەکەدا.
کارەکانی لەو پۆستەدا بوونەتە هۆی ئەوەی پرسیاری جددی بکرێت لەسەر ئەوەی ئایا ئەو سەرکردەیەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا شیاوە بۆ ئەو پۆستە یان نا؟
دکتۆر هەوار نێروەیی
دکتۆر هێوار نێروەیی، شرۆڤەکاری سیاسی و وانەبێژ لە زانکۆی دهۆک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە سەردەمی مالیکیدا ململانێی زۆر لە نێوان شیعە و سوننە و کورد هەبووە، پەیوەندییەکانی نێوان پێکهاتەکانی عێراق گرژبوون."
لە سەردەمی حکومەتەکەی مالیکیدا جیاکاری سیاسی زۆر لە نێو سوپای عێراقدا دژ بە سوننەکان ڕوویدا، حکومەتەکە تۆمەتبار کرا بە گەندەڵییەکی بەرچاو لە ناو دەسەڵاتی سیاسی و لەشکریشدا، سەرکردایەتییەکی زۆر لاوازی هەبوو کە لە ئەنجامدا لە ساڵی ٢٠١٤ داعش بەشێکی گەورەی عێراق و سوریای کۆنترۆڵ کرد لە ناویاندا شاری موسڵ.
بەشێک لە عێراقییەکان کۆنترۆڵکردنی شاری موسڵ لەلایەن داعشەوە بە کارەساتی شکستی حکومەتەکەی مالیکی دەزانن.
لە کاتێکدا بۆ بوون بە سەرۆک وەزیران لە ڕابردوودا کوردیش پشتیوانی لێکردبوو بەڵام لە سەردەمی دەسەڵاتەکەیدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردیشدا تێکدا، چەندین گرفتی خاک و بودجە لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی بەغدا سەریهەڵدا.
مالیکی هەناردەکردنی نەوتی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕەتکردەوە و بودجەی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت و وەکو فشاری سیاسی بەکاریهێنا. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٢ و ٢٠١٣ دا حکومەتەکەی بە بڵاوکردنەوەی هێزی فیدراڵی و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دیجلە لە ناوچە جێناکۆکەکان لە ناویاندا دەوروبەری کەرکوکیش، گرژییەکی زۆری دروست کرد و کورد ئەم هەنگاوەی بە وروژاندنی گرژی و ئاڵۆزی لە قەڵەم دا. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠١١ بڕیاری دا ئاڵای کوردستان لە فەرمانگە حکومییەکانی ناوچە جێناکۆکەکان دابگیرێت.
هەرچەندە مالیکی لە کۆتاییەکانی 2014 لە پۆستی سەرۆک وزیران نەماوە بەڵام زۆرێک پێیانوایە هەژمونی لەناو دەسەڵات هەر ماوە.
دکتۆر نێروەیی دەڵێت " ئەمە بەو مانایە نییە کە کاریگەری مالیکی بەسەر سیاسەتی شیعە لە عێراقدا نەمابێت."
دەشڵێت " یەکەم و کۆتا وشە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەدا وشەی مالیکییە." بەڵام لە هەمان کاتدا وتی دەزانین کە قسەی سەرۆکی ئەمەریکا ترامپیش کاریگەری زۆری هەیە.
پاش ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی عێراقە ڕایگەیاند نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید دەکاتەوە، سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند "دەبیستم وڵاتی مەزنی عێراق ڕەنگە هەڵەیەکی گەورە بکات، ئەویش بە دانانەوەی نوری مالیکی لە پۆستی سەرۆک وەزیران. دوا جار کە مالیکی لەسەر دەسەڵات بوو وڵاتەکە کەوتە هەژاری و بێ سەروبەرییەکی تەواو. نابێت ڕێگە بدرێت جارێکی دیکە ئەمە ڕووبداتەوە."
سەرۆک ترامپ گوتیشی " ئەگەر بێت و هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چیتر یارمەتی عێراق نادات وە ئەگەر ئێمە لەوێ نەبین بۆ یارمەتیدان، عێراق هیچ هەلێکی بۆ سەرکەوتن و گەشەکردن و ئازادی نابێت. عێراق مەزن بکەنەوە!"
مالیکیش قسەکانی سەرۆک ترامپ وەک "دەستوەردانی لە سەروەری خاکی عێراق" لە قەڵەم دەدات، لە کاتێکدا خۆی بە کەسێکی سەر بە ئێران دادەنرێت و هەندێک پێیان وایە بوونی ئەو بە سەرۆک وەزیران دەستوەردانەکانی ئێران لە کاروباری عێراقدا زیاتر دەکات.
ئەمەش ببینە
ئایا عێراق دەتوانێت گرووپە چەکدارە شیعەکانی سەر بە ئێران کۆنترۆڵ بکات؟جەبار یاوەر فەریقی یەکەم و شارەزای کاروباری ئاسایشی ڕۆژی سێشەممە لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی "تا ئێستا لە سەدا سەد بڕیار نەدراوە ماڵکی ببێت بە سەرۆک وەزیران. هەندێک گرفت دەستیپێکردووە و داوا لە شیعەکان دەکەن بیگۆڕن." هەروەها ئاماژەی کرد تەنانەت محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی هاوپەیمانێتی تەقەدومیش گوتویەتی " ئێمە ناچینە ناو حکومەتێکەوە مالیکی سەرۆکایەتی بکات."
دکتۆر نزار حەیدەر
نزار حەیدەر، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی عێراقی لە واشنتن بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ڕوون و ئاشکرایە هەندێک لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە "بە باشی ئاگاداری پەیامەکانی پێشووی ئەمەریکا نین کە پێویستە بزانن کە حکومەتی نوێی عێراق نابێت هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ ئێراندا".
حەیدەر لە لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتیشی "زانیارییەکان کە لە بەغداوە پێم گەیشتوون، ئاماژە بەوە دەکەن کە پەیامەکەی سەرۆک ترامپ ناکۆکی لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگیدا دروستکردووە و بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن".
لە ساڵی 2008 ڕێککەوتنێکی ستراتیژی لە نێوان عێراق و ئەمەریکا واژۆ کرا، کە داهاتووی عێراق بە ئەمەریکاوە دەبەستێتەوە.
حەیدەر ئاماژەی بەوەشکرد لە "بڕگەیەک لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە کە ئەمەریکا بەرپرسیارە لە پاراستنی دیموکراسی و سیستەمی سیاسی لە عێراقدا".