مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە، 28ی مانگی یەک لە بەردەم لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات ڕایگەیاند "حکومەتی ئێران زۆر لاوازتر بووە لە جاران و ئابوورییەکەی لە داڕماندایە."
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "هەرچەندە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران کەمبوونەتەوە، بەڵام پێشبینی دەکەم لە داهاتوودا دەستپێبکەنەوە."
وتەکانی مارکۆ ڕوبیۆ تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا جارێکی دیکە ئەگەری هەنگاوی سەربازی لە دژی ئێران وروژاند. وتی ئەگەر تاران ڕەتی بکاتەوە دانوستان لەگەڵ واشنتن بکات، ئەوا هێرشێکی زۆر گەورەتری دەکرێتە سەر.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە ڕەگ و ڕیشەی ناڕەزایەتییەکانی ئێران وتی "یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی ڕژێمی ئێران ئەوەیە کە بە پێچەوانەی هەندێک ناڕەزایەتی ڕابردوو، ئەم جارە هیچ ڕێگەیەکی نییە بۆ چارەسەرکردنی داواکارییە سەرەکییەکەی ناڕازییان، ئەویش ئابوورییەکەیەتی کە بەرەو داڕمان دەڕوات."
جەختی لەوەش کردەوە کە ئابووری ئێران چ بەهۆی سزاکانەوە و چ لەبەر ئەوەی هەموو پارە و سەرچاوەکانی خۆی بۆ دروستکردنی چەک و پاڵپشتیکردنی گروپە تیرۆریستییەکان لە سەرانسەری جیهاندا خەرج دەکات، لە دۆخێکی داڕماندایە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها سەبارەت بە کردەوەکانی واشنتن لە ڤەنزوێلا، لەوانەش دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی لەکارلادراوی ڤەنزوێلا وتی "بۆ یەکەم جارە لە ماوەی 20 ساڵدا گفتوگۆی جددی بەڕێوەدەچێت سەبارەت بە لاوازکردن و تەنانەت نەهێشتنی بوونی ئێران و کاریگەریی چین و هەروەها بوونی ڕووسیا لە ڤەنزوێلا."
ڕۆبیۆ بە لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکای وت دەبێت مادۆرۆ لە دەسەڵات دووربخرێتەوە، چونکە ڤەنزوێلا بووەتە بنکەی ئۆپەراسیۆن بۆ دوژمنانی ئەمەریکا، لەوانەش چین و ڕووسیا و ئێران.