21 ڕێکخراوی چاودێری و مافی مرۆڤی جوو لە ئەوروپا و ئیسرائیل لە نامەیەکی کراوەدا هاوسۆزی خۆیان بۆ کورد و دروز و خەڵکی ئێران دەربڕیوە دژ بەو توندوتیژیانەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەرامبەریان ئەنجام دراون.
ڕێکخراوەکان لە ئەڵمانیا و بەریتانیا و دانیمارک و ئیسرائیل و چەندین وڵاتی تر کاردەکەن. لە پەیامە هاوبەشەکەدا دەڵێن، "نیگەرانی زۆر دەردەبڕین لە هەمبەر ئازارەکانی خەڵکی کورد لە سوریا و ناوچەکە، لە نێوانیاندا ڕاپۆرتەکان سەبارە بە ڕفاندن و دەربەدەرکردنی بەزۆرەملێ. ئێمە لەپاڵ گەڵی کوردین لە تێکۆشینەکەی بۆ شکۆمەندی و ئاسایش و چارەی خۆنوسین."
ڕێکخراوەکان هەروەها پشتگیری خۆیان بۆ خەڵکی ئێران نیشانداوە، کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئیران لە ڕێگەی کوشتن و گرتن و هەڕەشە وەڵامی داواکاری خەڵکی ئێران بۆ ئازادی داوەتەوە.
ڕێکخراوەکان دەڵێن هەڵوێستەکەیان سەرچاوەی گرتووە لە بەها جیهانییەکانی ئازادی و شکۆمەندی و مافی چارەی خۆنوسین.
دەشڵێن، "کۆمەڵگاکانی جوو و خەڵکی ئیسرائیل لە واتای چەوسانەوە تێدەگەن و لەگەڵ کورد و ئێرانییەکان و هەموو ئەو کەمینانە دەوەستنەوە کە هەوڵدەدەن بە ئازادی و ئاسایش بژین.
ڕێکخراوەکان داوایان لە وڵاتانی جیهان، بە تایبەت ئەوروپا، کردووە کە سەرکۆنەی سەرکوتکارییەکان بکەن و پارێزگاری لە کەمینەکان و بزووتنەوە ئاشتیخوازەکان بۆ ڕزگاری بکەن.
هاوکات لە ناو ئیسرائیلیش، کوردانی جوو هەوڵ دەدەن پرسی کورد لە سوریا ببەنە ناو پەرلەمانی وڵاتەکەیانەوە تاوەکو لەوێ بە فەرمی دانبنرێت بەوەی کۆمەڵکوژی بەرامبەر کورد لە سوریا کراوە و بە تایبەتی لە ناوچەی حەلەب. باس لەوەش بکرێت مەترسییەکی ڕاستەقینە هەیە پاکتاوی نەژادی دژی کورد ئەنجام بدرێت بە شیوەیەک بگاتە ئاستی جینۆساید. پاشان پەرلەمان داوا لە حکومەت بکات بێ دەنگی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەوەی لە سوریا ڕوودەدات بشکێنێت.