سەرۆک ترامپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ئەنجام دەدات

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ئەنجام دا و بەپێی ڕاگەیاندنە فەرمییەکان کۆمەڵێک بابەت تەوەری وتووێژەکەیان بووە، لەوانە پرسی سوریا و دوا هەوڵەکان بۆ بنیادنانەوەی غەززە.

پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 27 ی مانگی یەکی 2026 ئەنجامدراوە، ئەمەش بەلانی کەم دووەم پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان هەردوو سەرۆکەکەیە لە ماوەی مانگێکدا.

ئەوەی ئاشکراکراوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر گرنگی ڕۆڵی تورکیا لە جێبەجێکردنی تەواوی ئاگربەستی نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات.

سەبارەت بە غەززە، ئەردۆغان هیوای خواستووە ئەنجامی باش لە دەستەی ئاشتی غەززە بکەوێتەوە و پێیوایە بنیادنانەوەی کەرتی غەززە و کۆتایی هێنان بەوەی بە کارەساتی مرۆیی لەوێ ناودێری دەکات، ڕێگەخۆشکەرێک دەبێت بۆ ئاشتەواییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.