لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران، ئەمەریکا 3 کەسی ئێرانی بە ناوەکانی ئیحسان خالیدی، محەمەد مێهرانی و مورتەزا نەسیری کاکولەکی کە پێشتر ئەندامی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی بوون، لە ئەمەریکا دەردەکات و دیپۆرتی ئێرانیان دەکاتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا، ئەو سێ کەسە کە لە سەردەمی بەڕێوبەرایەتی بایدندا هاتوونەتە ناو ئەمەریکاوە و هەرسێکیان ئەندامی پێشووی سوپای پاسداران بوون، ڕۆژی دووشەممە 26ی مانگی یەک لە ئەمەریکاوە دیپۆرتکرانەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ، محەمەد مێهرانی و ئیحسان خالیدی لە ساڵی 2024 بە شێوەیەکی نایاسایی لە ڕێگەی باشوری کالیفۆرنیاوە هاتوونەتە ناو ئەمەریکا و هەروەها مۆرتەزا نەسیری کاکولەکی لە مانگی یازدەی 2024 بە شێوەیەکی نایاسایی هاتووەتە ئەمەریکا و لەلایەن پاسەوانانی سنوورەوە لە نزیک شاری سەنت لویس لە ویلایەتی ئەریزۆنا دەستگیرکراوە.
ڕاپورتەکەی ئەو وەزارەتە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات لەوەتای دەستپێکردنی خولی دووهەمی بەڕێوبەرایەتی سەرۆک ترامپەوە، دەزگای کۆچبەران و گومرگی ئەمەریکا (ICE) هەزار و 400 تیرۆریستی ناسراو یان کەسی گومانلێکراو و حەوت هەزار و 400 ئەندامی باندە تاوانکارییەکانی دەستبەسەر کردووە.
ئەمەریکا 3 ئەندامی پێشووی سوپای پاسداران دیپورت دەکاتەوە بۆ ئێران
لەڕاستەوە محەممەد مێهرانی- ئیحسان خالیدی - مورتەزا نەسیری کاکولەکی