سەرۆک ترامپ ئاماژە بۆ ئەگەری هێرشێکی گەورە بۆ سەر ئێران دەکات

سەرۆک ترامپ ڕۆژی چوارشەممە، 28ی مانگی یەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث جارێکی تر ئاماژەی دا بە ڕەوانەکردنی کەشتی دیکەی جەنگی بەرەو ئێران و ڕایگەیاند " گەلە کەشتییەکی جەنگی گەورە بەرەو ئێران دەڕوات. کەشتییەکە بە خێرایی و بە هێز و ورەیەکی بەرزەوە و ئامانجێکی زۆرەوە دەجوڵێت و دەڕوات."


سەرۆکی ئەمەریکا دەشڵێت "ئەم گەلە کەشتییە زەبەلاحە کە لە ژێر ڕێبەرایەتی کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکندایە، گەورەتر لەو گەلە کەشتییەیە کە بۆ ڤەنزوێلا ڕەوانە کرابوو.

دۆناڵد ترامپ لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا دەڵێت "وەک لەگەڵ ڤەنزوێلا کردمان، کەشتییە جەنگییەکە ئامادەیە و توانای ئەوەی هەیە ئەرکەکەی بە خێرایی و بە توندی ئەگەر پێویست بوو، بەجێبهێنێت."

سەرۆک ترامپ لە بەردەوامی نووسینەکەیدا دەشڵێت " بەهیوای ئەوەی ئێران بە خێرایی بێتە سەر مێز و دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانەی بە بێ چەکی ئەتۆمی بکات، ڕێککەوتنێک کە بۆ هەموو لایەنەکان باش بێت.

سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆتایی نووسینەکەیدا هۆشداری دەداتە ئێران و دەڵێت "کات بەرەو تەواو بوون دەچێت. وەک پێشتر جارێک بە ئێرانم وت، ڕێککەوتن بکە! ئەوان نەیانکرد و "ئۆپەراسیۆنی چەکووشی نیوەشەو" بەڕێوچوو کە وێرانکارییەکی گەورەی بۆ ئێران هێنا."

سەرۆک ترامپ دەڵێت هێرشی داهاتوو بۆ سەر ئێران زۆر خراپتر دەبێت و داوا دەکات ئێران کارێک نەکات ئەوە دووبارە ڕووبداتە.

دۆناڵد ترامپ پێشتریش ئێوارەی سێشەممە لە وتارێکیدا لە ویلایەتی ئایاوا بە ئاماژەدان بە لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی "گەلە کەشتییەکی دیکەی جوان لە ئیستادا خەریکە بە جوانی بەرەو ئێران دەڕوات."

سەرۆک ترامپ وتیشی "هیوادارم ڕێککەوتن بکەن. ئەوان دەبوو یەکەم جار ڕێبکەوتبان."

هاوکاتی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە ئێران، ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند مانۆڕێکی گەورەی هێزی ئاسمانی چەند ڕۆژە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات.

کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکن کە بەهێزی ئەتۆمی کاردەکات و دەیان فڕۆکەی جەنگی لە نێودا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شوێنی پێشووی خۆی لە دەریای باشووری چین بەرەو کەنداو ڕۆیشتووە و بە پێی ڕاپۆرتی سێنتکۆم، گەیشتووەتە دەوروبەری ئەو ڕێڕەوی ئاوییە نێودەوڵەتییە گرنگە لە باشووری ئێران.

کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە ڕاگەیاند "هەموو بژاردەکان" سەبارەت بە ئێران "لە سەر مێز"ن بۆ دۆناڵد ترامپ .

بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە وتی "ترامپ زۆر لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخی ئێران دەکات و ئەگەر ڕژێم خۆپیشاندەران لە سێدارە بدات، هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن."

هاوکات لە درێژەی هەڵوێستی حکومەتی ئەمەریکا سەبارەت بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانی جەماوەری سەرتاسەری لە ئێران، هەژماری فارسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە کردەوە "وەک سەرۆک ترامپ وتوویەتی، ئێمە لە نزیکەوە چاودێری ئێران دەکەین، سەرۆک ترامپ پیاوی کردارە."