ئایا عێراق دەتوانێت گرووپە چەکدارە شیعەکانی سەر بە ئێران کۆنترۆڵ بکات؟

لە کاتێکدا ئەمەریکا چەندین جار هۆشداری داوە گرووپە چەکدارە شیعەکانی سەر بە ئێران لە ناو عێراق خۆیان بە دوور بگرن لە هاوکاریکردنی ئێران، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە عێراق تا چەند دەتوانێت خۆی لەم ململانێیە دوور بخاتەوە.

لەگەڵ ئەوەی بارودۆخی ناوخۆیی ئاسایشی عێراق تا ئێستا وەک شارەزایەکی سەربازی و ئاسایشی دەڵێت ئارامە، بەڵام هەبوونی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران هێشتا وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی نیگەرانی بۆ عێراق دادەنرێن.

جەبار یاوەر، فەریقی یەکەم و شارەزای بوارەکانی سەربازی و ئەمنی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەگەر عێراق بیەوێت خۆی لە ململانێکان بپارێزێت پێویستە گرووپەکانی سەر بە ئێران " کۆنترۆڵ بکرێن کە تا ئەندازەیەک کراوە لە حکومەتەکەی سودانیدا. چەند جارێک هەوڵ دراوە و داوا کراوە کە لە گرووپی چەکدارییەوە بگۆڕدرێن بۆ گرووپی سیاسی بێچەک."

هەروەها گوتیشی هەندێک جار مەترسییان دروست کردووە بۆ نمونەش سەردەمی شەڕی ئیسرائیل لە دژی تیرۆرستانی حەماس لە غەززە، " لە سەردەمی شەڕی غەززە ئەم گرووپانە هەندێک مەترسییان دروست کردبوو بە هاوێشتی ڕۆکێت بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا، بە تایبەتی لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت لە سوریاش. ئەمەش هەتا ئەو کاتە بوو کە ئەمەریکا گورزێکی لێ وەشاندن لە ناوچەی کەربەلا و جرف ئەلسەخر و دوایش لە ناو بەغدا چەند سەرکردەیەکیانی بە هێرشێکی ئاسمانی کوشت، دواتر بێدەنگ بوون ئیتر تەنها هەڕەشەکانیان بە بەیاننامە وهەڕەشەی زارەکییە."

بەڕێز یاوەر پێشی وایە توانایی هێزی عێراق لە توانایی ئەو گرووپانە زۆر زیاترە و دەتوانێت ڕووبەڕوویان ببێتەوە " هێزەکانی حەشدی شەعبی ناتوانن لە حکومەتی عێراق بەهێزتربن، چونکە حکومەتی عێراق کۆمەڵێک توانایی لەشکری هەیە. هەم بە ژمارە، هەم بە قەبارەو هەم بە جۆری چەک زۆر بەهێزترن لە حەشدی شەعبی."

سوپای عێراقیشی وەک نمونە هێنایەوە و گوتی " ئێستا سوپای عێراق، تۆپخانەی هەیە، هەلیکۆپتەری هەیە فڕۆکەی جەنگی هەیە، زرێپۆشی هەیە و ژمارەی سەربازەکانی گەیشتووەتە نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەس. جگە لەوە هێزی پۆلیس هەیە کە ژمارەیان نزیکەی ٥٠٠ هەزارکەسن، ئەمە بێجگە لە هێزەکانی دژە تیرۆر و پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیسی سنوور. ئێستا وەها مەزەندە دەکرێت عێراق بە هەموو هێزەکانییەوە زیاتر ١ ملیۆن چەکداری هەبێت، لە کاتێکدا حەشدی شەعبی نزیکەی ١٥٠ هەزار چەکداری هەیە."

حەشدی شەعبی فەرماندەییەکی هەیە لە نێو فەرماندەیی گشتی هێزەکانی عێراقدا، بەڵام چەند گرووپێک بە تەواوەتی لە ژێر کۆنترۆڵی حەشدی شەعبیدا نین. ئەوانەش بریتین لە گرووپەکانی نوجەبا، عەسائیب ئەهلەلحەق، کەتیبەکانی حزبوڵا، کەتیبەکانی ئیمام عەلی، کەتیبەکانی سەید ئەلشوهەدا و بزووتنەوەی ئەنساڕوڵای ئەوفیا، کە هەموویان بە بەرەی مقاوەمە ناسراون و لە ساڵی ٢٠٢٥دا ئەمەریکا وەک گرووپی تیرۆرستی جیهانی دەستنیشانی کردن.

بەشێک لەم گرووپانە هاوسۆزی خۆیان بۆ ئێران ناشارنەوە و هەمیشە هەڕەشە دەکەن لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران ئەمان هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە.

یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی واشنتن بۆ بەغدا، ڕێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران. محەمەد شیاع سودانی کە لە ساڵی 2022 وە هاتوەتە سەر دەسەڵات، لە ڕێگەی هەوڵەکانی بۆ سنووردارکردنی توندوتیژیی ئەو گرووپانە، متمانەی ئەمەریکای بەدەستهێنا.

بەڕێز یاوەر دەڵێت عێراق تا خۆی لە ململانێ بپارێزێت دەبێت ئەم کارە بکات و دەشڵێت " کاتێک شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل ڕوویدا، عێراق توانی لەو ململانێیەدا خۆی بپارێزێت و نەبێتە تەرف لە شەڕەکەدا. هەرچەندە ئاسمانەکەشی کراوەبوو چونکە ناتوانێت کۆنترۆڵی ئاسمانی خۆی بکات. فڕۆکەی جەنگی و ڕۆکێتی هەردوولا بەسەر ئاسمانی عێراقدا دەڕۆشتن."

لە ئێستا هەوڵێکی زۆر لەلایەن لایەنە شیعەکانی نزیک ئێران هەیە بۆ دانانەوەی نوری مالیکی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرۆک دانۆڵد ترامپ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند " "دەبیستم وڵاتی مەزنی عێراق ڕەنگە هەڵەیەکی گەورە بکات، ئەویش بە دانانەوەی نوری مالیکی لە پۆستی سەرۆک وەزیران. دوا جار کە مالیکی لەسەر دەسەڵات بوو وڵاتەکە کەوتە هەژاری و بێ سەروبەرییەکی تەواو. نابێت ڕێگە بدرێت جارێکی دیکە ئەمە ڕووبداتەوە. ئەگەر بێت و هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چیتر یارمەتی عێراق نادات وە ئەگەر ئێمە لەوێ نەبین بۆ یارمەتیدان، عێراق هیچ هەلێکی بۆ سەرکەوتن و گەشەکردن و ئازادی نابێت. عێراق مەزن بکەنەوە!"

بەڕێز یاوەر دەڵێت " تا ئێستا لە سەدا سەد بڕیار نەدراوە ماڵکی ببێت بە سەرۆک وەزیران. هەندێک گرفت دەستیپێکردووە و داوا لە شیعەکان دەکەن بیگۆڕن." هەروەها ئاماژەی کرد تەنانەت محمەد حەلبوسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی هاوپەیمانێتی تەقەدومیش گوتویەتی " ئێمە ناچینە ناو حکومەتێکەوە مالکی سەرۆکایەتی بکات."

هەرچەندە جەبار یاوەر ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان پێی وایە ئەگەر هەر کەس لە شیعەکان ببن بە سەرۆک وەزیر، زیاتر هەر چوارچێوەی هەماهەنگی دەسەڵاتی بەسەریدا دەبێت بڕیار دەدات.

دەقی وتووێژەکەی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ جەبار یاوەر، فەرقی یەکەم و شارەزای کاروباری سەربازی و ئەمنی.

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ جەبار یاوەر