کوشتنی سیستماتیک لە ئێران و دەرئەنجامە یاساییەکانی؛ گفتوگۆ لەگەڵ عەزیز ماملێ

لە ماوەی ئەم مانگەدا خۆپیشاندەران و ناڕازییان لە ئێران ڕووبەڕووی یەکێک لە توندترین سەرکوتکردنە ناوخۆییەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران بوونەتەوە. ڕاپۆرتەکانی مافەکانی مرۆڤ کە پشتیان بە قسەی پزیشکەکانی نێوخۆی ئێران و نەخۆشخانە و گۆڕستانەکان بەستووە، ئاماژە بەوە دەکەن هێزەکانی حکومەت لە هەوڵێکدا بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک خۆپیشاندەرانی مەدەنییان کوشتووە.

لێکۆڵینەوە سەربەخۆکان و ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن تەرمەکان لە ناوچەکانی پزیشکی دادوەری و گۆڕستانەکاندا کەڵەکە بوون و بەشێک لە تەرمەکانیش دەریدەخەن کە قوربانییەکان لە مەودای نزیکەوە تەقەیان لێ کراوە و نیشانەکانی توندوتیژی سیستماتیک و بە ئەنقەستیان پێوە دیارە.

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە ئەگەری ئەوە هەیە زۆرێک لە کوژراوەکان لە ئێران لە گۆڕی بەکۆمەڵ کرابن.

سەرچاوەیەک بەو ڕۆژنامەیەی ڕاگەیاندووە تەرمەکان هێندە زۆر بوون کە بە بارهەڵگری گەورەی شوێنی ساردەمەنی و گۆشت و ئایسکرێم گوازراونەتەوە بۆ ناوەندەکانی پزیشکی دادوەری.

تەرمی کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران

چالاکوانان و پزیشکەکان بە دەزگا هەواڵییەکانیان ڕاگەیاندووە کە جۆرەی کوشتنەکان و قورس بوونی برینەکان و شێوازی ناشتنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سیاسەتێکی ڕێکخراو و سیستماتیک لە پشتی کوشتن و پەکخستنی خۆپیشاندەرانەوە بوون و ڕووداوەکە تەنیا تەقەکردنی هەڕەمەکی نەبووە کە خەڵکەکە بە رێککەوت تێیدا کوژرابن.

هەروەها بەڵگە پزیشکییەکان و ئەو وێنانەی لە تەرمی کوژراوەکان بڵاو بوونەتەوە، ئەوە دەردەخەن کە هەندێک لە کوژراوەکان لەکاتی وەرگرتنی چاودێری پزیشکیدا تەقەیان لێ کراوە، چوونکە خێزانەکانیان لەکاتی وەرگرتنی تەرمەکانیاندا ڕایانگەیاندووە کە بۆری هەناسەدان و هەندێ لە ئامێرە پزیشکییەکانی دیکە هێشتا بە تەرمەکانەوە بوون و ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لەکاتی وەرگرتنی چارەسەریدا کوژراون.

چالاکوانان ڕایدەگەیەنن دەسەڵاتدارانی ئێران لە ڕێگەی سنووردارکردنی چوونە ژوورەوە بۆناو نەخۆشخانەکان و ڕێگریکردن لە تۆمارکردنی هۆکاری مردنەکان هەوڵی ئەوە دەدەن ڕادەی ڕاستەقینەی کارەساتەکە بۆ ڕای گشتی دەرنەخەن و بیشارنەوە.

خەمڵاندنەکان باس لەوە دەکەن ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییەکان دەتوانێت لە نێوان 22 هەزار بۆ زیاتر لە 30 هەزار کەس بێت، ئەمەش جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە لەگەڵ ئاماری فەرمی حکومەتی ئێران کە ڕایگەیاندبوو ژمارەی کوژراوەکان زیاتر لە 3 هەزار کەسە.

عەزیز ماملێ، مافناس و شارەزای سیاسی لە فەرنساوە لەگفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت ئەوەی لەئێران ڕوویداوە، لەڕووی یاساییەوە هەموو توخمەکانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لەخۆ دەگرێت.

بەڕێز ماملێ دەڵێت "ئەوەی لەوەتای 28ی مانگی دوازدەوە تا ئێستا لە ئێران ڕوودەدات، لە کوشتن و دەستدرێژێ سێکسی بۆ سەر خۆپیشاندەران بگرە تا دەگاتە هەموو جۆرەکانی دیکەی ئەشکەنجە و قڕکردنی خەڵکی سڤیل، چ لە ڕووی چۆنییەتی تاوانەکان و چ لەڕووی چەندایەتی ئەو تاوانانەی کراوە، گۆمان لەوەدا ناهێڵێتەوە ئەوەی کراوە دەڕواتە چوارچێوەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییەوە."

بەپێی یاسای تاوانکاری و مرۆیی نێودەوڵەتی، کردەوەکانی وەک کوشتنی بە ئەنقەست، لەسێدارەدانی دەرەوەی یاسا، ئەشکەنجەدان و سەرکوتکردنی سیستماتیکی خەڵکی مەدەنی دەڕواتە چوارچێوە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.

عەزیز ماملێ دەڵێت دوو لە پێوەرە سەرەکییەکانی دیاریکردنی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بریتین لە کوشتنی ڕێکخراو و سیستماتیکی جەماوەری مەدەنی و هەروەها پانتایی جوگرافی تاوانەکە کە هەردوو ئەم دیاردەیە لە سەرکوتکردنەکانی ئەم دواییەی ئێران بەدی دەکرێت.

لای عەزیز ماملێ و زۆرێک لە شرۆڤەکاران سیاسی و مافناسەکان، بەرپرسی یەکەمی کوشتنەکان لە ئێران، عەلی خامنەیی، ڕیبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانە و ماملێ دەشڵێت هەروەها حکومەت و سوپای پاسداران و ئەو ئەندامانەی بەشداربوون لە سەرکوت و کوشتنەکاندا، هەموویان بەرپرسیار و بەشدارن لە تاوانەکەدا.

بە بڕوای ئەم مافناسە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هۆی تێڕوانین و بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆیەوە لە بەرامبەر تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی تا ئیستا بە شێوەیەکی بەرچاو هەنگاوی هەڵنەگرتووە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە کردەوە هیچ هەڵوێستێکی چارەنووسساز و ڕێگری لە لایەن دامەزراوە و حکومەتە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکانەوە نەگیراوەتەبەر و دەشڵێت ئەم بێدەنگییە بووەتە هۆی بەردەوامبوون و چڕبوونەوەی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا.

Your browser doesn’t support HTML5

کوشتنی سیستماتیکی لە ئێران و دەرئەنجامە یاساییەکانی؛ گفتوگۆ لەگەڵ عەزیز ماملێ