سیناتۆر گراهام لەبارەی سوریا و رۆژئاوا قسەی لەگەڵ ترامپ و ڕۆبیۆ کرد

سیناتۆری کۆماری لینزی گراهام ڕایگەیاند، لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترامپ و وەزیری دەرەوە مارکۆ ڕوبیو گفتوگۆی کرد دەربارەی سەقامگیرکردنی سوریا.

لینزی گراهام سیناتۆری کۆماری نزیک لە سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، "هەوڵەکانیی هەردوو لا زۆر بەرز دەنرخێنم بۆ هێنانەدی سەقامگیری لە سوریا. پێدەچێت هەوڵەکانی سەرۆک ترامپ لانیکەم بۆ ئێستا سوودی هەبووبێت."

سیناتۆر گراهام باسی لە وردەکارییەکان نەکرد، بەڵام گفتوگۆکەی هاوکاتە لەگەڵ پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان سەرۆک ترامپ و سەرۆکی ڕاگوزەری سوریا هەروەها دەنگۆی ڕێککەوتنی نێوان مەزلوم عەبدی و ئەحمەد شەرع.

سەرۆک ترامپ ئەمرۆ لەکاتی سەردانی بۆ ویلایەتی ئایۆوا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ سەرۆکی زۆر بەڕێزی سوریا ئەنجام دا. شتەکان لەوێ زۆر زۆر بە باشی دەگەنە ئەنجام، بۆیەش ئێمە زۆر پێی دڵخۆشین."

ترامپ هیچ وردەکارییەکی نەخستە ڕوو، بەتایبەت سەبارەت بە ئەگەری فشارخستنە سەر ئەحمەد شەرع بۆ ڕاگرتنی شەڕ لەگەڵ هەسەدە.

بەڵام سیناتۆر گراهام لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا ڕایگەیاند، "ئیدارەی ترامپ لەکاردایە بۆ دڵنیابوون لەوەی سەقامگیری جێگەی ئەو ئاژاوەیە بگرێتەوە کە ئەم ئیدارەیە لە ئیدارەی پێشووەوە بۆی ماوەتەوە. من هانی هاوبەشە هەرێمییەکان دەدەم بە پتەوکردنی پەیامی سەرۆک ترامپ کە ئێمە پێویستمان بە سەقامگیری هەیە نەک شەڕکردن. وەزیر ڕوبیۆش زۆر دەستی لەو هەوڵەدا هەیە."

سیناتۆرە کۆمارییەکە جەختی لەوە کردەوە جیهان خوێنڕێژییەکی تری لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ناوێت، وە دەستخۆشی لە هەوڵەکانی سەرۆک ترامپ و وەزیری دەرەوە کرد لەمبارەوە.

وتیشی، "کۆنگرێس ئامادەیە بۆ یارمەتیدانی پاراستنی سەقامگیری و پاڵنانە دواوەی ئەو یاریکەرە هەرێمیانەی زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەگەیەنن لە ڕێگەی جوڵەکرد دژ بە هاوپەیمانە متمانەپێکراوەکانی وەکو کورد. سعودییە پێگەیەکی ناوازەی هەیە بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر حکومەتی سوریا هەبێت، هیوادارم بۆ بەرژەوەندی ناوچەکە ئەو کارە بکەن."

ئەمە لە کاتێکدایە فشاری هێزەکانی سوریای عەرەبی بۆ سەر ناوچە کوردییەکان بۆ سێیەم هەفتەیە بەردەوامە و ڕۆژ بە ڕۆژ پشتگیرییەکان بۆ کورد زیاد دەکەن.

هەر ئەمڕۆ، مایک مۆپمێیۆ، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمەریکا، لە وتارێکدا بۆ واشنتن پۆست پێشهاتەکانی سوریای بە "قومارێکی ترسناک" بۆ ئەمەریکا ناوبرد.

مۆمپێیۆ هۆشداری دا لەوەی دەنگۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا دەبێتە هۆی ناسەقامگیری ئەمنی لە سوریا و ناوچەکە، وە جێهێشتنی کوردی سوریا دەبێتە هۆی قرکردنی نەژادی و زڕاندنی ناوبانگی ئەمەریکا.

پۆمپێیۆ لە کابینەی یەکەمی سەرۆک ترامپ بەڕێوبەری سی ئای ئەی بوو، پاشان وەک وەزیری دەرەوە دەستنیشانکرا. پێشنیاری کردووە، "وا باشترە هێڵێکی بەرگری یان جیاکردنەوە لەنێوان هێزەکانی هەسەدە و هێزەکانی حکومەت دابنرێت، بە پشتگیری و ئامادەییەکی سنورداری ئەمەریکا و هاوپەیمانان. بە لایەنی کەمەوە ئیدارەی حکومەت و کۆنگرێس دەبێت بەیەکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی بە خێرایی سزاکان بسەپێننەوە وەک ڕێگەیەک بۆ فشارخستنە سەر شەرع بۆ ڕێزگرتن لە بەڵێنەکانی حکومەت بۆ کەمینەکانی سوریا."

هەر ئەمڕۆ سیناتۆر گراهام ڕایگەیاند لەم هەفتەیەدا یاسایەک دەخاتەڕوو بەناوی "یاسای پاراستنی کورد" بۆ سەپاندنی سزای قورس بەسەر هەر حکومەتێک یان گروپێکدا کە هێرش بکاتە سەر کورد.