هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگاتە کۆبانێ

کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، هاوکارییەکانیان گەیاندووەتە شاری کۆبانێ.

ڕێکخراوی UNHCR ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، 14 بارهەڵگری هاوکاری، کە خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکانی تێدایە، گەیشتوونەتە کۆبانێ.

ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ڕایگەیاندووە هاوکارییەکانیان گەیاندووەتە ئەو کەسانەی کە بەهۆی شەڕی ئەم دواییەی باکووری سوریا زیانیان بەرکەوتووە.

هەروەها ڕوانگەی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت کاروانێکی هاوکاری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتووەتە حەسەکە.

ڕێکخراوەکە دەڵێت "کاروانێکی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێکهاتبوو لە ٣٠ بارهەڵگری پڕ لە خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکانیان ، گەیشتنە شاری حەسەکە." ڕوانگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کاروانەکە لە دیمەشقەوە بەرەو ڕەققە ڕۆیشتووە و توانیویەتی بگاتە حەسەکە و کۆبانێ.

سەرچاوەیەک لە شاری کۆبانێ ئەمڕۆ سێشەممە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور چوار بارهەڵگری پڕ لە هاوکاریی فریاگوزاری، لەوانە دەرمان و پێخەفی لە حەلەبەوە بۆ کۆبانی ناردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بارهەڵگرەکانی هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان وردە وردە گەیشتوونەتە کۆبانێ و هاوکارییەکانی وەک نان، شیری منداڵان، پێخەف و دەرمان دەگەیەننە ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی لەو شارەدا.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی"ئەو هاوکارییانەی کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان و لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و ڕێکخراوی خێرخوازیی بارزانی لە ڕێگەی مانگی سووری کوردی و ڕێکخراوی خێرخوازیی بارزانییەوە بە هەرێمەکە دەگەیەنن، ڕادەستی ڕێکخراوە مەدەنییە ناوخۆییەکان دەکرێن بۆ ئەوەی بەسەرئەو خەڵکەدا دابەش بکرێت کە پێویستیان پێیەتی."

هاوکارییەکان لە کاتێکی گرنگدایە بۆ هاووڵاتیانی سڤیل لە ناوچەکەدا، لە کاتێکدا هێزەکانی حکومەتی کاتیی سوریا و هاوپەیمانەکانیان هێرشە سەربازیەکانیان چڕتر دەکەنەوە.

هێزەکانی حکومەتی کاتیی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک یەکتر بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن، بەو هۆیەشەوە ژمارەی ئاوارەکانی حەسەکە و کۆبانی بەهۆی شەڕەوە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.