تواناکانی کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهم لینکن چین؟

کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهم لینکن لەگەڵ ژمارەیەک لە کەشتی یاوەری

کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهم لینکن USS Abraham Lincoln لەگەڵ کەشتییەکانی یاوەری لە ئێستادا لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیربوون و بە تایبەتی لە نزیک ئێران. ئەم کەشتییە فڕۆکە هەڵگرە بەهۆی قەبارە و تواناکانییەوە بە شارێکی سەر دەریا ناودێردەکرێت.

کەشتییەکە بە وزەی ناوەکی کاردەکات و دەتوانێت بۆ ماوەی 20 ساڵ کاربکات بەبێ ئەوەی سووتەمەنی نوێی بۆ دابنرێتەوە. وزە ناوەکییەکەی بە دوو ویستگەی ناوەکی بەرهەم‌دەهێنرێت و توانایان هەیە وزە بە هێندەی پێداویستی شارێکی بچوک دابین بکەن.

سەربازێکی بەشی تەکنیکی پشکنینی سەلامەتی ئامێرەکانی کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکن دەکات

ئەم کەشتییە نزیکەی 5700 کەسی لەسەرە کە بریتین لە تیمەکانی هێزی دەریاوانی و هێزی ئاسمانی لەگەڵ تیمەکانی تەکنینکی و چاککردن و پزیشکی و خۆراک و خاوێنکردنەوە. لەو ژمارەیە نزیکەی 2500 کەسیان لە تیمی هێزی ئاسمانین.

ژمارەیەک سەرباز سەرقاڵی لەنگەرگرتنی کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکنن لە بنکەیەکی هێزی دەریایی

درێژی کەشتییەکە نزیکەی 333 مەترە و پانییەکەی نزیکەی 77 مەترە و بەرزاییەکەی زیاتر لە 75 مەترە، واتە بە هێندەی باڵەخانەیەکی 20 نهۆمی بەرزە. کێشی نزیکەی 100 هەزار تۆنە و خێراییەکەی دەگاتە نزیکەی 55 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکن

کەشتییەکە بە شێوەیەکی گشتی نزیکەی 65 هەتا 75 فڕۆکە و هەلیکۆپتەر هەڵدەگرێت هەرچەندە دەتوانێت زیاتر هەڵبگرێت، لەوانە:

1- فڕۆکەی F/A-18 Super Hornet، دەتوانێت هەتا دوری 700 کیلۆمەتر بڕوات و لە دوری 250 کیلۆمەتر موشەکی SLAM-ER (AGM-84) بگرێتە ئامانجەکەی لەسەر زەوی و بگەڕێتەوە بۆ سەر کەشتییەکە، بەڵام ئەگەربێت و لە ئاسمان سووتەمەنی تێبکرێتەوە دەتوانێت هەتا 2000 کیلۆمەتر بڕوات و لە ئامانجەکەی بدات و بگەڕێتەوە.

فڕۆکەیەکی جۆری F/A-18E Super Hornet لە کاتی نیشتنەوەی لەسەر ئەبراهام لینکن

2- فڕۆکەی EA-18G Growler، بۆ مەبەستی پەکخستنی ئامێرکانی ڕادار و سیستەمی بەرگری ئاسمانی دوژمن بەکاردەهێنرێت.

فڕۆکەیەکی EA-18G Growler لە کاتی فڕینی لەسەر ئەبراهام لینکن

3- فڕۆکەی E-2D Hawkeye، ئەرکی ئاگادارکردنی پێشوەختە لە ئاسمانەوە بۆ هەر هەوڵی هێرشێکردن بۆ سەر کەشتییەکە و کەشتییەکانی یاوەری و لەگەڵ ئەوەشدا کارئاسانی دەکات لە سەرپەرشتیکردنی هێرشە ئاسمانییەکان و کونترۆڵکردنی ئاسمانی ناوچەکە.

فڕۆکەی E-2D Hawkeye لە ئەرکێکی چاودێریکردن دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەبراهام لینکن

4- هەلیکۆپتەری جۆری MH-60 Seahawk، کارە سەرەکییەکانی چاودێرکردنی ئاوەکانی نزیک لە کەشتی فڕۆکە هەڵگرەکەیە لەگەڵ کەشتییەکانی یاوەری و هەروەها ڕزگارکردنی دەریاوان یان فڕۆکەوان ئەگەر هاتوو دووچاری ڕووداوێک بن.

هەلیکۆپتەری جۆری MH-60 Seahawk

کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهم لینکن و کەشتییەکانی دیکەی یاوەری کۆمەڵێک سیستەمی بەرگری موشەکی زۆر پێشکەوتوویان تێدایە کە توانایان هەیە تەواوی گەلە کەشتییەکە لە هەر هێرشێکی موشەکی بپارێزن.

کەشتییەکانی یاوەری فڕۆکە هەڵگرەکە ژمارەیەکن، لەوانە کەشتی تێکشکنەر، ئەوانیش Spruance و Michael Murphyو Frank E. Petersen Jr.. ئەم کەشتییە تێکشکێنەرانە دەتوانێت بە دەیان موشەکی کروز هەڵبدەن و بە وردی لە ئامانجەکانی خۆیان بدەن لە دوری سەدان کیلۆمەتر، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر هەر یەکەیان دوو فڕۆکەی هەڵیکۆپتەری جۆری MH-60 Seahawk هەیە.

کەشتی تێکشکێنەری USS Spruance

زۆر جاریش کەشتی ژێردەریایی یاوەری دەکەن، بەڵام لەبەر پاراستنی نهێنی لەشکری شوێنەکانیان ئاشکرا ناکرێن.

تواناکانی ئەم گەلە کەشتییەی ئەمەریکا بە ئەندازەیەکە دەتوانێت بە بەردەوامی کۆنترۆڵی تەواوی ئاسمان و ناوچەکەی دەوری خۆی بکات هەتا دوری زیاتر لە 400 کیلۆمەتر.