دەزگای خێرخوازی بارزانی وردەکاری لەبارەی کارەکانی لە ڕۆژئاوا ڕادەگەیەنێت

دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند، تا ئێستا 165 بارهەڵگری هاوکاری ڕەوانەی شارەکانی جەزیرە لە ڕۆژئاوا کردووە.

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە قامیشلۆ ڕایگەیاند، تیمەکانیان لە شارەکانی قامیشلۆ، دێرک، گرکێ لەگێ،عامودە و دیربەسی دان.

ئەحمەد هەروەها ڕایگەیاند، ڕێکخراوەکەیان هاوکاری بەسەر ئاوارەکاندا لە ناو 82 قوتابخانەدا دابەشکردووە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ و نائارامییەکانەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی تیمەکانی بە هاوکارییەوە ڕەوانەی ناوچە کوردنشینەکان کرووە، هەرچەندە تا ئێستا بەهۆی گەمارۆدانی هێزەکانی حکومەتی کاتییی سوریا نەیانتوانیوە بگەنە شاری کۆبانی.

هاوکات لەگەڵ مانگی سووری کوردی، ستافی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاری پزیشکی و خزمەتگوزاری بۆ ئاوارەکانیش دابین دەکەن.

بێجگە لەم ڕێکخراوە خێرخوازە، کەناڵ 8 کە بنکەکەی لە سلێمانییە، بڵاویکردەوە، کە 36 بارهەڵگری هاوکاری ڕەوانەی ڕۆژاڤا کردووە، ئەوەش دوای هەڵمەتێک کە هەزاران هاووڵاتی و بازرگان لە هەرێمی کوردستانەوە بەشدارییان تێدا کرد.

هەروەها کەناڵی ڕووداو ڕۆژی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، دوای هەڵمەتێکی هاوشێوە، 80 بارهەڵگری هاوکاری بەرەو ڕۆژاڤا بەڕێکەوتوون. ڕووداو ئاماژەی بەوەشکرد، 40 بارهەڵگری هاوکاری دیکە ئامادەدەکرێن بۆ ئەوەی ڕەوانە بکرێن بۆ خەڵکی لە ڕۆژئاوا.

لە کۆبانی، ڕادیۆی ئارتا ڕایگەیادووە، کاروانێکی 10 بارهەڵگری فریاگوزاری گەیشتوونەتە شارەکە. هاوکارییەکان لە لایەن خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە بووە، بە هاوکاری حکومەتی کاتییی سوریا.