باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە سوریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سوریا و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسیان لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سوریا و عێراق کردووە.
باڵیۆزخانەکە شەوی ڕابردوو پۆستێکی بەڕێز باراکی لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە "ئەمشەو پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کاریگەرمان لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی هەبوو بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی سوریا و گرنگی پاراستنی ئاگربەست و دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتنێکی مرۆیی بۆ ئەوانەی پێویستیان پێیەتی، بەتایبەتی لە کۆبانی."
نوێنەری ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت سەبارەت "سەبارەت بە عێراق، هەڵوێستی ئەمەریکا ڕوونە: حکومەتێک کە لەلایەن ئێرانەوە دابمەزرێت، سەرکەوتوو نابێت، نە بۆ خواستەکانی عێراقییەکان و نە بۆ داهاتوویەکی ڕووناکتر لە سوریا و نە بۆ هاوبەشییەکی کاریگەریش لەگەڵ ئەمەریکادا."
هەروەها بارەگای بارزانی لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک باسی ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کردووە و دووپاتی کردووەتەوە کە "دواین دۆخ و پێشهاتەکانی ناوچەکە بە گشتی و سووریا بەتایبەتی تاوتوێ کرا".
بارەگاکە دەڵێت "هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامی و پاراستنی ئەو ئاگربەستە كردەوە كە لەنێوان هەسەدە و هێزەكانی حكوومەتی سووریا لەئارادایە. هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر گرنگیی بابەتی گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان بۆ ڕۆژئاوا و بە تایبەت كۆبانێ و دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی گەیاندنی ئەو هاوكارییانە.