جیهان یادی 81 ساڵەی هۆلۆکۆست و ڕزگارکردنی ئاوشڤیتز دەکاتەوە

ئەمڕۆ 27ی مانگی یەک، 81 ساڵەی یادی هۆلۆکۆست تێدەپەڕێت.نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی یازدەی ساڵی 2005 ، 27ی مانگی هەموو ساڵێکیان وەک ڕۆژی جیهانی یادکردنەوەی هۆلۆکۆست دیاری کرد. ئەو ڕێکخراوەیە ڕایگەیاند "هۆلۆکۆست کە یەک لەسەر سێی جووەکانی جیهان و ئەندامانی بێشوماری کەمینەکانی دیکە تێیدا کوژران، بۆ هەمیشە وەک هۆشدارییەک بۆ هەموو گەلان دەمێنێتەوە لەسەر مەترسییەکانی ڕق و کینە و ڕەگەزپەرستی و قبوڵنەکردنی یەکتری."

هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم ڕۆژە بۆ یادکردنەوەی کارەساتەکە ئەوەیە لە 27ی مانگی یەکی ساڵی 1945 بوو کە هێزە چەکدارەکانی سۆڤیەت ئۆردوگای کاری زۆرەملێ و قڕکردنی نازییەکانیان لە ئاوشڤیتز- بێرکێناو ئازاد کرد.

تەنیا لە ئاوشڤیتز- بێرکێناو نزیکەی یەک ملیۆن و 100 هەزار کەس کوژراون کە نزیکەی لەسەدا 90یان جوو بوون. ئاوشڤیتز تەنها یەکێک بوو لەو شوێنە زۆرانەی نازییەکان لە ئەوروپا کە بۆ کوشتنی جووەکان دروستيانکردبوو.

هۆلۆکۆست چی بوو؟

هۆلۆکۆست جینۆسایدی سیستماتیکی جووەکانی ئەوروپا بوو لەلایەن ئەڵمانیای نازی و هاوپەیمانەکانی لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا. لەم کارەساتەدا مەزەندەکراوە شەش ملیۆن جوو کوژراون. جگە لە جووەکان، گروپەکانی تری وەک ڕۆما (جپسی) کان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ناڕازیانی سیاسی بوونە قوربانی سیاسەتی نازیيەکان.

دوای ئەوەی نازییەکان لە ساڵی 1933دا دەسەڵاتیان گرتەدەست، یاسایەکیان دەرکرد کە بووە هۆی ئەوەی هەموو شتێک لە جووەکان زەوت بکرێت و ئازادی و مافە مەدەنییەکانیان بەرتەسک بکرێنەوە. ئەم سیاسەتانە وردە وردە توندتر بوون و بوونە هۆی دەرکردن و زیندانیکردنیان و لە کۆتایشدا ڕەوانەکردنیان بۆ ئۆردوگاکانی کاری زۆرەملێ و ئۆردوگای مەرگ.

ئاوشڤیتز لە بنەڕەتدا سەربازگەیەکی سوپای پۆڵەندا بووە لە باشووری وڵاتەکە. دوای داگیرکردنی پۆڵەندا لەلایەن نازییەکانەوە لە ساڵی 1939، سەربازگەکە لەلایەن ئەڵمانییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرا و لە مانگی سێی ساڵی 1940 کرایە ناوەندێکی دەستبەسەرکردنی زیندانیانی سیاسی.

لەسەر دەرگای چوونە ژوورەوەی کەمپەکە بە ئەڵمانی نووسرابوو "کار ئێوە ئازادت دەکات". ئەم قۆناغەی ئۆپەراسیۆنی کەمپەکە دواتر بە ئاوشڤیتزی یەکەم ناسرا.

دواتر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی جەنگی جیهانی دووەم ، نازییەکان ئاوشڤیتزیان زۆر فراوانتر کرد و کردیان بە یەکێک لە گەورەترین ناوەندەکانی قڕکردن. یەکەم قوربانیانی کەمپەکە کوشتنی زیندانیانی پۆڵەندی و دیلەکانی سۆڤیەت بوون کە لە ساڵی 1941 بە گاز کوژران.

دوای مانگێک ئاوشڤیتزی دووەم کە بە بێرکێناو ناسراوە، کرایەوە. هەتا مانگی یازدەی ساڵی 1944 کەمپەکە بوو بە شوێنی سەرەکی ژوورە گازییە گەورەکان کە سەدان هەزار کەسی تێدا کوژران و تەرمەکانیان لەناو سووتێنەرەکاندا لەناوچوون.

بە گشتی هەتا ئەو کاتەی ئاوشڤیتز لە ژێر داگیرکاری ئەڵمانیا ڕزگاری بوو، شوێنەکە بە شێوەیەک گەورە کرا کە زیاتر لە 40 کەمپ و بەشی لاوەکی لەخۆگرتبوو.

نازییەکان خەڵکیان لە هەموو ئەوروپاوە دەگواستەوە بۆ ئاوشڤیتز و بە هۆی ئەوەی تەنانەت لە نان و ئاویش بێبەش دەکران، ژمارەیەکی زۆریان بە رێگاوە گیانیان لەدەستدەدا.

ئەوانەی دەگەیشتنە کەمپەکە، دەستبەجێ جیا دەکرانەوە و ئەوانەی توانای کار کردنیان بوو بۆ کاری زۆرەملێ هەڵدەبژێردران و هەندێکی دیکەش لەوانە منداڵ و بەساڵاچوو و نەخۆش، دەستبەجێ ڕەوانەی ژوورەکانی مەرگ دەکران.

کەمپی ئاوشڤیتز-بێرکێناو لە ساڵی 1979ەوە لە لیستی میراتی جیهانی یونسکۆدایە.