لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕووداوەکانی سوریا، کورد لە سەرانسەری جیهاندا بە یەکڕیزی پشتیوانی خۆیان بۆ پاراستنی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری کورد لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوا) نیشان دا.
بە بڕوای چاودێران، ئەم یەکڕیزییە بریتییە لە "وەرچەرخانێکی مێژوویی" گەلی کورد و تێپەڕاندنی بەربەستێکی سایکۆلۆجی گرنگ بەرەو دیاریکردنی "هێڵە سورە نیشتیمانیەکان."
"یەکەمجارە کورد زاڵبێت بەسەر سنور و ڕێگرییەکاندا. دەتوانین بڵێین، یەکەمجارە کە بنەمای نەتەوەییبوونی کورد سەرباری سنورەکان و وڵاتەکان ئەبینین،" ئەمە وتەی لێکۆڵەری نێودەوڵەتی دکتۆر سەردار عەزیزە.
هەروەها جەبار قادر، چاودێری ڕۆژهەڵاتی نزیک و تورکیا پێیوایە، "ئەم ڕێژەیە لە یەکگرتوویی و چالاکی سیاسی، بە تایبەت لای کوردی تاراوگە، دیاردەیەکی تازەیە و ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە زۆربەی کورد لە دۆزەکەی خۆی تێگەیشتووە و دەزانێت دەبێت خۆی بەرگری لێبکات و چاوەڕوانی کەس نەبێت."
پێکدادانە کوشندەکان لەنێوان سوپای عەرەبی سوریا و هەسەدە ڕۆژی شەشی مانگی یەکی 2026 لە حەلەبەوە سەریانهەڵدا، دوای ئەوەی حکومەتەکەی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع (محەمەد جۆلانی) ڕێککەوتنی لەگەل ئیسرائیل ڕاگەیاند. دواتر، سوپای عەرەبی سوریا بەرەو ناوچەکانی دەستەڵاتی هەسەدە پێشڕەوی کرد و لەگەڵ هەڵگەڕانەوەی هۆزە عەرەبەکانی ناو هەسەدە، چەکدارانی کورد بۆ ناوچە کوردنیشینەکان کشانەوە.
هەرچەندە بەهۆی بەردەوامی پێکدادان و توندوتیژییەکان ژمارەی قوربانیان هێشتا دیار نییە، بەڵام کاربەدەستانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەڵێن هێرشەکان بوونەتە هۆی گوژرانی سەدان کەس و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس. سەرچاوە هەواڵییەکانی ناو کۆبانێ دەڵێن بەهۆی پچڕاندنی کارەبا و گەمارۆدانی شارەکەوە پێنج منداڵی ساوا گیانیان لەدەستداوە.
ڕووداوەکان بە شێوەیەکی خێرا بوونە هۆی خرۆشانێکی جەماوەری فراوانی کورد لە تەواوی جیهاندا، بە تایبەت دوای ئەوەی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی سوریا بە بەکارهێنانی سوڕەتی ئەنفال داوای لە مزگەوتەکان کرد پشتگیری لە سوپای سوریای عەرەبی دژی هەسەدە بکەن. هەروەها، بڵاوبوونەوەی چەند ڤیدیۆیەکی کە دەگوترێت لە مەیدانەکانی شەڕ تۆمارکراون، وەک ناچارکردنی هاووڵاتیانی کورد بە "حەپاندن" و هەروەها بڕینی قژی کەزیکراوی کچە شەڕڤانێکی کورد دوای کوشتنی، هێندەی تر هاووڵاتیانی کوردی توڕەکرد.
هەڵمەتی هۆنینەوەی قژ بۆ کەزی وەک پشتگیری لەشەڕڤانێکی ئەتککراوی کورد بە فراوانی ىڵاوبووەتەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دەیان خۆپیشاندانی فراوان لە ناوچە کوردییەکان و ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەدا ڕێکخران دژی هێرشەکانی سوپای عەرەبی سوریا، سەرەڕای هەڵمەتی کۆکردنەوەی ملیۆنان دۆلار و گواستنەوەی هاوکاری بۆ ناوچە کوردییەکانی سوریا کە لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین.
بە بڕوای جەبار قادر، "ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کورد وەک جاران دانانیشێت داوای هاوکاری بکات و بپاڕێتەوە، بەڵکو هەوڵدەدات بە وتارێکی زۆر گەرم داخوازییەکانی خۆی بخاتە پێشچاو. ئەم هەنگاوانە زۆر گرنگن لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا و دەبنە هێما."
جەبار قادر ڕاشیگەیاند، "ئەمە بەرهەمی هەموو ئەو چالاکی و بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەیە کە ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز و گرنگەوە. ئەمە دەبێتە دیاردەیەک، بەتایبەت بۆ دایاسپۆرای کوردی، وە دەتوانێت ببێت بە گەرەنتی بۆ ئەوەی کورد لەنێوخۆی کوردستان بە ئاسانی جینۆساید نەکرێتەوە."
چاودێران دەڵێن، جگە لە فراوانبوونی هۆکارەکانی پەیوەندی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، هەروەها هاوکۆکی حزبە سیاسییەکان لەسەر پرسی رۆژئاڤا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا لە درووستبوونی یەکگرتوویی کوردی.
دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، لەمبارەوە بە دەنگی ئەمەریکای وت، "هۆکاری هەرە سەرەکی یەک هەڵوێستی پارتە کوردییەکانە، بەتایبەت کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ خاوەنی ناوەندێکی وەک هەولێرە و خاوەنی دەزگای میدیایی گرنگە وەک ڕووداو و کەناڵەکانی تر. ئەمانە هەموو بوونە هۆی ئەوەی کورد و ئەمەریکا لە هەولێر وەک ناوەندێک کۆببنەوە بەبێ ئەوەی پێویستیان بەوە هەبێت بچنە ناوەندێکی تری وەک ئەنکەرە، بەغدا، تاران یان دیمەشق."
دکتۆر سەردار عەزیز وتیشی، "ئەو دۆخەی کە میدیا دابینی دەکات دەبێتە هۆی دروستکردنی هاوسۆزی بەوەی خەڵک بەچاوی خۆی دەبینێت چۆن مۆدێلێک کە هیوایەکی لەسەر هەڵچنیبوو و ساڵانێکی زۆر خەڵکانێکی زۆر خەباتیان بۆ کردبوو، هەموو لە ساتێدا بە شێوەیەکی زۆر دڵتەنگانە و نامرۆڤانە پشتی تێدەکرێت و دەبێتە بەشێک لە گەمەیەکی جیۆپۆلەتیکی. ئەمە لە یادەوەری سیاسی کورد بوونی هەیە، بۆیە ئێستا سۆزێکی دەستەجەمعی کۆمەڵگایی دروستکردووە کە بۆ یەکەمجار بنەمای نەتەوەییبوونی کورد پیشاندەدات."
خۆپیشاندانی کوردان لە شاری عامودا.
چاودێران دەڵێن لە ڕووی ستراتیژییەوە، کەوتنی کورد لە سوریا بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق مەترسییەکی سەربازی گەورەیە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دەستەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان هەوڵی بەرگری لەو قەوارەیە بدەن کە کوردانی سوریا بەهۆی شەڕی داعشەوە بەدەستیان هێناوە.
دکتۆر سەردار عەزیز ڕایگەیاند، "کەوتنی ڕۆژئاڤا بۆ باشور مەترسی ئاسایشی گەورەیە و هاوکێشەی ناوچەکە دەگۆڕێت. ئێستا عێراق خۆی لەبەردەم کۆمەڵێک پرسیاری گەورەدایە، لەوەی ئایا ئەم دۆخەی سوریا چۆن گاریگەری لەسەری دەبێت. ئێمە بەرەو داهاتووێکی پڕ لە ئەگەر و نەزاندراو دەڕۆین، بەتایبەت ئەوەی ئایا ململانێی شیعە و سوننە جارێکی تر سەرهەڵدەداتەوە؟ ئایا ئێران بەرەو چی ئاراستەیەک دەڕوات؟ ئایا ئەو هەموو هێزە توندڕەوە لە سوریا بەم هەموو ئازادییە ڕووبەڕووی خەڵکی سڤیل ببنەوە چی دۆخێک دروستدەبێت؟ ئایا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێباکە لەم هەموو تاوانانەی دەبن؟ ئەمانە هەموو پاڵنەرن بۆ دروستبوونی سۆزێکی گشتگیری کوردی."
وتیشی، "هەمیشە دوو تیۆر هەبوون لە پرسی کورددا، یەکەمیان ئەوە بوو ئەگەر کورد یەکگرتوو بێت ئەوا ناتواندرێت زەفەری پێبردرێت؛ تیۆری دووهەمیان ئەوەیە کورد پێویستی بە هێزێکی نێودەوڵەتی یان زلهێزێک هەیە بۆ ئەوەی بە ئامانجەکانی بگات. هەردووکیان پێویستن. یەکێک لەو ڕەخنانەی بەردەوام لە کورد گیراوە ئەوە بووە ناتوانن یەکگرتووبن و خەونەکانیان یەکخەن. ئێستا ئێمە لەسەرەتای ئەوەداین بڵێین ئێمەی کورد ئەو بنەمایەمان هەیە، بەوەی کورد ئێستا سمبولی هاوبەش و گوتاری هاوبەش و خەونی هاوبەش و خەمی هاوبەش و ئازاری هاوبەش و ترسی هاوبەشی هەیە."
دکتۆر سەردار عەزیز جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە گرنگە کورد لە داهاتوودا بتوانێت لە ڕێگەی دەزگا و کاری ڕاستەوخۆوە پەرە بەو هاوبەشییە نەتەوەییە پێبدا و بیخاتە قاڵبێکی چەسپێنراو. پێیوایە کارکردن لەسەری کورد دەباتە قۆناغێکی ترەوە.
بە ڕوای جەبار قادر، چاودێری ڕۆژهەڵاتی نزیک و تورکیا، یەکگرتووی هاووڵاتیانی کورد بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازییەکان بۆ بەرگری لە کوردی سوریا لە ئاستێکدا بوو کە شیانی هەیە پارتە سیاسییەکانیش ئاراستەبکات.
جەبار قادر لە هۆڵنداوە بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند، "حزبەکان هەوڵدەدەن لەگەڵ ئەم هەڵچوونە نەتەوەیی و جۆشوخرۆشە نەتەوەییەدا بن و هەتابکرێت پێشەنگی بکەن نەک لەدواوەیدا بن، هەروەها دەزانن لەم کاتەدا باسی ململانی و جیاوازییەکان زیاتر خەڵکیان لێتوڕە دەکات و ملکەچی دەبن."