هاوکاتی ساڵیادی ئازادکردنی کۆبانی، هەواڵەکان باس لە هێرشی چڕی چەکدارانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا بۆ سەر ئەو شارە دەکەن و دەنگۆی ئەوە هەیە کە سوپای عەرەبی سوریا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی شارەکە دەدات لەم ڕۆژەدا.
ڕوانگەی میدیایی یەپەگە کە باڵێکە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە پەیامێکی تەلەگرامیدا ڕایگەیاندووە "لە ئێستادا کۆبانی لە ژێر هێرشێکی زۆر قورسدایە و بۆردومانەکان بە رێگەی تۆپخانە و موشەک و تانکەکان بە هاوکاری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بەردەوامە."
سەرچاوەیەکی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاندووە "سوپای عەرەبی سوریا دەیەوێت لە ساڵیادی ڕزگاری شارەکەدا جارێکی تر ئەو شارە وێران بکات."
بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر کۆبانی، پەیوەندی بە سەرچاوەیەکەوە کرد لە ناو کۆبانی و سەرچاوەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "بەڵێ، هێرشی قورس بۆ سەر شارەکە لە سێ لاوە لە باکوور، باشوور و ڕۆژئاواوە بەردەوامە."
سەرچاوەکە وتیشی "بە تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش دەکەن، لە گوندی خەراب عاشق کۆمەڵکوژی ڕوویداوە و 5 کەس لە بنەماڵەیەک کوژراون و 6 کەسی دیکەش برینداربوون."
پەیوەندییەکانی ئینتەرنێت و تەلەفۆن لە کۆبانی هەتا دێت خراپتر دەبن و بەم هۆکارەش بە پێی قسەی سەرچاوەکە، "وردەکارییەکان سەبارەت بە قوربانییەکان بە ڕوونی و تەواوی نازانرێت، بەڵام دەوترێت خەڵک هەیە بەهۆی هێرش و بۆردومانەکانەوە کوژراون و لە ژێر داروپەردوودی شوێنی ڕووخاودان."
ئەو سەرچاوەیە وتیشی "زانیاری هەیە و پشتڕاستکراوەتەوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاش لەو هێرشانەدا بەشدارن."
ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی دووشەممە 26ی مانگی یەک بڵاویکردەوە "بە پێشێلکردنی ئاگربەست، گوندەکانی باشوری شاری کۆبانی بە چەکی قورس کراونەتە ئامانج" و ئاماژەی بەوەشکردووە لە هێرشەکەدا زیانی گیانی هەبووە بەڵام ژمارەکە ڕوون نییە.
حکومەتی کاتی سوریا دوو ڕۆژ لەمەوبەر ڕایگەیاند ئاگربەستی 15 ڕۆژەی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕاگەیاندووە. هەتا ئێستا هێزەکانی هەسەدە و حکومەتی کاتی سوریا چەندین جار یەکتریان بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کردووە.
کۆبانی لە ساڵیادی ڕزگاربوونیدا، بە هێرشی زەمینی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکرێتە ئامانج
Statue of Freedom in Kobani