سەرۆک ترامپ سوپاسی تیمەکەی دەکات و کۆتاییهاتنی گەڕانەوەی بارمتەکان ڕادەگەیەنێت

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە تیمەکەی بۆ پرسی غەززە دەکات پاش ئەوەی توانرا دوایین تەرم کە لەلای حەماس مابووەوە ڕادەستی ئیسرائیل بکرێت.

ڕۆژی دووشەممە، 26ی مانگی یەک، سەرۆک ترامپ سەبارەت بە گەڕاندنەوەی دوایین تەرم لە بارمتەکانی ئیسرائیل لە غەززە، لە هەژمارەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث، نووسیوێتی،"دوا تەرمی بارمتە لە غەززە گەڕێندرایەوە، بەمەش هەر هەموو 20 بارمتە زیندووەکە و تەرمی تەواوی کوژراوەکان گەڕێندرانەوە!کارێکی سەرسوڕهێنەرە!زۆرێک پێیانوابوو ئەستەمە ئەو کارە بکرێت. پیرۆزبایی لە تیمە پاڵەوانەکەم دەکەم!!!"


دوای زیاتر لە دوو ساڵ و سێ مانگ لە ڕفاندن و گواستنەوەی تەرمی پۆلیس ڕان گڤیلی لەلایەن گرووپی تیرۆریستی حەماس بۆ ناو غەززە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە تەرمی ئەو سەربازە گەنجە کە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023دا کوژرا، گەڕاندویانەتەوە بۆ ئیسرائیل و بە بەخاکیان سپاردووە. بەم هەنگاوەش پڕۆسەی گەڕاندنەوەی هەموو بارمتە ڕفێندراوەکان لە غەززە تەواو دەبێت.


سوپای ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە دوای ئەنجامدانی ڕێکارەکانی دەستنیشانکردنی ناسنامە لەلایەن سەنتەری نیشتمانی پزیشکی دادوەری بە هاوکاری پۆلیسی ئیسرائیل، توانرا تەرمی ڕان گڤیلی بناسرێتەوە کە دوا تەرم بوو لەلای حەماس وەک بارمەتە مابووە لە غەززە.

ڕان گڤیلی، ئەندامی یەکەی تایبەتی پۆلیسی ئیسرائیل بوو و لە کاتی کوژرانیدا تەمەنی 24 ساڵ بوو.

گڤیلی لە کاتی هێرشی گرووپی تیرۆریستی حەماس بۆ سەر باشوری ئیسرائیل کوژرا و چەکدارانی حەماس تەرمەکەیان برد بەرەو غەززە بە مەبەستی ئاڵوگۆڕکردنی بە دەستگیرکراوەکانیان.