وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل: کوردەکانی سوریا بەهۆی ناسنامەیان سەرکوتدەکرێن

شاری کۆبانی

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل هێرشەکانی سوپای عەرەبی سوریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک هەوڵێک بۆ سڕینەوەی کەمینەکانی ئەو وڵاتە دادەنێت و دەڵێت کورد ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە "تەنها لەبەر ناسنامەکەی."

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا ڕایگەیاند، "لە کاتێکدا جیهان مشتومڕ لەسەر مانشێتەکان دەکات، کەمینەکان لە بێدەنگیدا دەسڕدرێنەوە."

دەشڵێت، "کورد لە سوریا ڕووبەڕووی ئاوارەیی و سەرکوتکردن و توندوتیژی دەبێتەوە، تەنها لەبەر ئەوەی کوردن."

وەزارەتەکە هەروەها نووسیویەتی، "جیاکاری لە پرسەکانی مافی مرۆڤدا نییە. بێدەنگی بێلایەنی نییە."

توندوتیژی و پێکدانانی نێوان هێزەکانی عەرەبی سوریا و هەسەدە بۆ ماوەی سێ هەفتەیە بەردەوامە و بووەتە هۆی کوژران ژمارەیەکی زۆر و هەروەها ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس.

بەرپرسانی کورد لە هەڵوێستی ئەمەریکا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا نیگەرانن، لە کاتێکدا ئەمەریکا جەخت لە بەردەوامی فشارە دیپلۆماسییەکانی دەکاتەوە بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییە کلتورییەکانی کورد.

ڕۆژی 22-1-2026، باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، تامی بروس، لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تایبەت بە سوریا، ڕایگەیاند، "ئەمەریکا پشتیوانی خۆی درێژدەکاتەوە بۆ حکومەتی سوریا لە کاتێکدا حکومەتی سوریا کاردەکات بۆ سەقامگیرکردنی وڵاتەکە و بنیاتنانەوەی دامەزراوە نیشتمانییەکان و بەدیهێنانی خواستەکانی هەموو سوریاییەکان بۆ ئاشتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی."

باڵیۆزی ئەمەریکا ڕایگەیاند "قوربانییەکانی هەسەدە ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبوو لە بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان دژی تیرۆرزم... ئێستا بارودۆخ بە تەواوی گۆڕاوە... ئێمە لەگەڵ حکومەتی سوریا و هەسەدە کاردەکەین بۆ تێکەڵکردنەوەی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە شێوەیەکی شکۆمەندانە کە ببێتە هۆی بەدیهێنانی سوریایەکی گەیشتوو بە ئاشتی لەگەڵ خۆی و دراوسێکانیدا."

لەو کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا کە زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاند، نوێنەری فەرەنسا داوای پارێزگاری لە هاووڵاتیانی کورد کرد.

بەڵام توندترین هەڵوێست لە کۆبوونەوەکە لە لایەن باڵیۆزی ئیسرائیلەوە بوو، کە ئیدانەی هێرشەکەی کرد و بە هێرشێک بۆ سەر کورد ناودێری کرد.

دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەکەدا وتی، "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەواڵی نەخوازراو و نیگەرانکەرمان پێگەیشتووە لە ناوچە کوردییەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا سەبارەت بە ئاوارەکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجەی نامرۆڤانە و کوشتن. کورد خەڵکانێکی لاوەکی نین، بەڵکو لە نێوان ئێمە و جیهان لە لایەک و داعش لە لاکەی تردا وەستانەوە."

سەرەڕای هەڵوێستەکەی ئیسرائیل، هەتا ئێستا حکومەتی ئیسرائیل بە فەرمی هیچ یارمەتییەکی ڕاستەوخۆی بۆ کورد ڕانەگەیاندووە، هەرچەندە بەرپرسانی کورد لە سوریا ئامادەیی خۆیان بۆ وەرگرتنی هاوکاری لە لایەن هەر لایەنێکەوە—لە نێوانیان ئیسرائیل—دەربڕیوە.