کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکن لە نزیک ئێران جێگیر دەبێت

کەناڵی 13ی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە کەشتی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن شەوی یەکشەممە گەیشتووەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە نزیک ئێران جێگیر بووە.

هەروەها کەناڵی I24 News بڵاویکردەوە کە جێگیرکردنی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگاتە ئاستێک کە بەسە بۆ "کردەوەی بەرچاو" لە چەند ڕۆژی داهاتوودا.

هەندێک سەرچاوەی هەواڵ لە ئەمەریکا بە پشتبەستن بە بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ، ئەگەری هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامییان بڵاوکردووەتەوە.

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا پێشتر هۆشداری بە کۆماری ئیسلامی دابوو سەبارەت بە کوشتن و لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران لە ئێران.

لەم دواییانەدا بەرپرسانی ئیسرائیل زانیاری نوێیان سەبارەت بە کوشتن و لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە داوەتە کۆشکی سپی.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی جەختیان لەسەر لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران کردبووە و لە هەمان کاتدا زمانێکی هەڕەشەئامێزیان لە دژی سەرۆکی ئەمەریکا گرتووەتەبەر.