سەرەڕای درێژکردنەوەی ئاگربەست، چەکدارانی سوریا هێرش دەکەنە سەر گوندەکانی کۆبانی

هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕۆژی یەکشەممە، 25ی مانگی یەک لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند چەکدارانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەیان لە چەند ناوچەی کۆبانی پێشێلکردووە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاندووە "سەرەڕای ڕێککەوتن بۆ ئاگربەست، بەڵام لە ئێستادا گروپە چەکدارەکان لە دیمەشقەوە هێرش دەکەنە سەر گوندەکانی شێخلار (شیوخ) و زێرک لە ڕۆژئاوای شاری کۆبانی و چەلەبییە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شارەکە."

هێزەکانی سوریای دیموکرات و وەزارەتی بەرگری سوریا بڵاویانکردبووە کە ئاگربەستی نێوانیان بۆ ماوەی 15 رۆژی دیکە درێژکراوەتەوە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات لە پلاتفۆرمی فەرمی خۆی ڕۆژی شەممە بڵاویکردبووە کە هاوکاتی بەردەوامبوونی گفتوگۆکانیان لەگەڵ دیمەشق، بە ڕێگەی نێوەندگیری نێودەوڵەتییەوە، ئاگربەستی نێوانیان لەگەڵ چەکدارانی حکومەتی کاتی سوریا بۆ ماوەی 15 رۆژی دیکە درێژکراوەتەوە.

هەروەها ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بڵاویکردبووە "هێزەکانمان پابەندبوونی خۆیان بە ئاگربەستەکەوە ڕادەگەیەنن کە یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی پەرەسەندنی گرژییەکان و پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و دروستکردنی هەلومەرجی پێویست بۆ سەقامگیری."

هاوکات وەزارەتی بەرگریی سوریاش لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ڕۆژی شەممە بڵاویکردبووە و ڕایگەیاندبوو کە درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە بۆ پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنی ئەمەریکایە بۆ گواستنەوەی دیلەکانی داعش لە زیندانەکانی هەسەدە بۆ ناو عێراق.

حکومەتی کاتی سوریا لە چەند هەفتەی ڕابردووەوە دەستیکردووە بە چالاکی سەربازی و ژمارەیەک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە و ناوچەکانی خستوەتەوە ژێر دەسەڵاتی ناوەندی.

لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا زیندان و کەمپ هەیە کە ئەندامانی داعش و خێزانەکانیان تێیاندا نیشتەجێن. ئەو کەمپ و زیندانانە تا ئەم دواییانە لەژێر دەستی هێزە کوردییەکاندا بوون، بەڵام ئێستا هێزەکانی حکومەت دەستیان بەسەر هەندێکیاندا گرتووە. دوابەدوای پێکدادانەکانی ئەم دواییە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە لەدەست دانی کۆنترۆڵ بەسەر ئەو ناوەند و زیندانیانەدا هاتووەتە ئاراوە.

ئەمەریکا لە چوارچێوەی ئاگربەستەکەدا دەستیکردووە بە گواستنەوەی دەیان دیلی داعش بۆ ناو عێراق و دەوترێت پێدەچێت تا حەوت هەزار دیلی داعش لە سوریاوە بۆ ناو عێراقی دراوسێ بگوازێتەوە.