ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە لە توندوتیژییەکانی ئێران دەکات

ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان

ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ هەینی دەنگی دا بە درێژکردنەوە و فراوانکردنی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ سەبارەت بە بەکارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشانەران لە ئێران.

لە کۆی 47 وڵاتی ئەندام لە ئەنجومەنەکە، 25 وڵات دەنگیان بە بڕیارنامەکە دا، حەوت وڵات دژی وەستانەوە و وڵاتانی تر دەنگیان نەدا.

بڕیارنامەکە دەستەیەکی خۆی بە ناوی ئەرکی دۆزینەوەی ڕاستییەکان لە ئێران ڕادەسپێرێت بە لێکۆڵینەوە و دیاریکردنی وردەکاری لێکۆڵینەوەکان. داوا دەکات ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بخرێتە بەردەم کۆبوونەوەی گشتی ساڵەنەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پایزی ئەمساڵدا.

ڤۆلکەر تورک، سەرۆکی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دانیشتنەکەدا هۆشداری دا لەوەی هەرچەندە کۆشتنی خۆپیشاندەران لەسەر جادەکان کەمبووەتەوە، "بەڵام دڕندەیی بەردەوامە."

ڤۆلکەر تورک ڕایگەیاند، " ئەم خۆپیشاندانانەی دوایی درێژکراوەی بانگەوازی دڵسۆزانەی خەڵکی ئێرانە بۆ گۆڕانکاری،" لەگەڵ ئاماژەکردن بە "مێژووێکی درێژی سەرکوتی توندوتیژانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە."

هەروەها مای ساتۆ، ڕاپۆرتدەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێران، ڕایگەیاند سەرکوتکردنەکەی ئەم جارەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دژ بە خۆپیشاندەران "پانتاییەکەی دەچێتە خانەی توندترین و دڕندەترین سەرکوتکردنەکان لە مێژووی ئەم دواییەدا."

لە دانیشتنەکەدا پەیام ئاخەوان، پارێزەری ئێرانی-کەنەدی، گوزارشتی لە خراپی ئاستی سەرکوتکارییەکانی ڕژێمی ئێران بەرامبەر بە هاوڵاتیان کرد و وتی، "وڵاتە جوانەکەمان بووەتە گۆڕستانێک کە هیوای گەنجەکانمانی تێیدا دەنێژرێت."

چاودێران دەڵێن دیاریکردنی وردی ئاماری قوربانییەکان هێشتا ئەستەمە، بە هۆی ڕێگری تاران لە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و داخستنی هێڵەکانی ئینتەرنێت. چاودێرەکانی مافی مرۆڤ، ئامارەکان لە نێوان سێ هەزار بۆ 16 هەزار کوژراو دەخەمڵێنن، سەرەڕای نزیکەی 24 هەزار کەس دەستگیرکراون.

باڵیۆزی ئێران بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، عەلی بەحرەینی، دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە "چەکی فشار" و لێدان بۆ سەر وڵاتەکەی دانا.

چین و کوبا و میسر و پاکستان پاڵپشتی هەڵوێستەکەی ڕژێمی ئێران بوون بۆ ڕەتکردنەوەی دانیشتنەکە، بە بیانووی ئەوەی بڕیارنامەکە دەستێوەردانە لە کاروباری ناوخۆی ئێران و دەبێتە هۆی بارگرانی ئابووری بەسەر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.