سەرۆک ترامپ دەڵێت گەلە کەشتییەکی ئەمەریکا بەرەو ئێران دەڕوات

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ دەڵێت "گەلە کەشتییەکی زەبەلاحی" جەنگی ئەمەریکا بەرەو ئێران بەڕێوەیە، لە کاتێکدا ئەگەری هەنگاوی داهاتووی خۆی لە کاردانەوە بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران لەبەرچاو دەگرێت.

ترامپ شەوی پێنجشەممە لە کاتی گەڕانەوەی لە سویسرا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ئەمەریکا "چاودێری دۆخی ئێران دەکات... گەلە کەشتییەکی زەبەلاحی جەنگی ئێمە بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەڕۆن. با بزانین چی دەبێت."

ئەمە یەکەم جارە سەرۆک ترامپ بە ئاشکرا باسی ناردنی کەرەستەی سەربازی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، لە کاردانەوە بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ڕژێمی ئێران.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕژێمی ئێران پلانی لەسێدارەدانی 837 کەس کە زۆربەیان گەنجن لە چوارچێوەی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران هەڵوەشاندووەتەوە، کە ئەمە "ئاماژەیەکی باشە."

هەڕەشەی لە کاربەدەستانی ئێران کرد، "ئەگەر ئەو کەسانە لە سێدارە بدەن، وەک پێشوو بە توندی لێتان دەدەین."

سەبارەت بە ناردنی گەلە کەشتی "زەبەلاحی" ئەمەریکا بەرەو ئێران، ترامپ وتی: "ڕەنگە پێویست نەکات بەکاریبهێنین. با بزانین چۆن دەبێت."