بە ئامادەبوونی سەرۆک ترامپ و سەرکردەکانی دیکەی جیهان بەڵێننامەی دەستەی ئاشتی بۆ غەززە واژۆ دەکرێت

لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆسی سویسرا، بەڵێننامەی دامەزراندنی "دەستەی ئاشتی بۆ غەززە" بە ئامادەبوونی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سەرکردە و نوێنەرانی ژمارەیەک وڵات واژۆ کرا.

سەرۆک دۆناڵد ترامپ پێش واژۆکردنی بەڵێننامەکە بە ئاماژەدان بە سەرکەوتنەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی لە ساڵی ڕابردوودا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پێشخستنی ئاشتی لە جیهاندا وتی "هەموو ئەوانەی لێرەن، هەر کامەیان بۆ خۆیان ئەستێرەیەکن، هیچ شتێک ناتوانێت بەر بە ئاشتی بگرێت و ئەمەش زۆر گرنگە. هیچ شوێنێکیش لە داڤۆس باشتر نییە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە."

سەرۆکی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە حەماس جەختی لەوە کردەوە "دەبێت چەکەکانیان دابنێن، ئەگەر نەیانکرد، ئەوا لەناو دەبرێن."

سەرۆک ترامپ وتیشی "ئێمە پابەندین بە چەکداماڵینی کەرتی غەززە و ئاوەدانکردنەوەی ئەو کەرتە بە جوانی."

دۆناڵد ترامپ دوای وتارەکەی، واژۆی لەسەر بەڵگەنامە فەرمییەکانی دامەزراندنی "ئەنجومەنی ئاشتی" کرد. شانبەشانی سەرۆکی ئەمەریکا، سەرکردەکانی بەحرەین و مەغریب یەکەمین واژۆکارانی میساقەکە بوون. دواتر سەرکردە و نوێنەرانی وڵاتانی ئەرجەنتین، ئەرمینیا، ئازەربایجان، بولگاریا، هەنگاریا، ئەندەنوسیا، ئوردن، کازاخستان، کۆسۆڤۆ، پاکستان، پاراگوای، قەتەر، سعودیە، تورکیا، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ئۆزبەکستان و مەنگۆلیا واژۆی میساقەکەیان کرد.

لە مەراسیمەکەدا مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی دۆناڵد ترامپ لە پێکهێنانی دەستپێشخەرییەکەدا، وتی "ئەمە تەنها ئەنجومەنی ئاشتی نییە، ئەنجومەنێکی کرداری و پراگماتیکە، هەروەک چۆن سەرۆک ترامپ سەرۆکێکی پراگماتیکە."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد "کۆمەڵێک سەرکردە لێرە ئامادەن کە باوەڕیان بە کردار هەیە، سەرۆکی ئەمەریکاش ئەو کەسەیە کە کارەکان بە ئەنجام دەگەیەنێت."

ڕوبیۆ جەختی لەوە کردەوە کە هەرچەندە لە ئێستادا سەرنجی سەرەکی پرۆسەکە لەسەر غەززەیە، بەڵام ئەم مۆدێلە دەتوانێت مۆدێلێک بێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی لە ناوچەکانی دیکەی جیهان.

هەروەها ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆک ترامپ لە وتارێکی کورتدا وتی "ئاشتی لە غەززە پێدەچوو مەحاڵ بێت، بەڵام بە سەرکردایەتی دۆناڵد ترامپ توانیمان ئەو کارە بکەین."

هەروەها جارێد کوشنەر، ڕاوێژکاری دۆناڵد ترامپ، ڕێککەوتنەکەی بە "سەرەتای ڕێبازێکی نوێ" ناودێر کرد و ڕایگەیاند "جەنگ کۆتایی هاتووە و ئامانجمان بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی نێوان ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکانە؛ ئاشتییەک کە ڕێگە خۆشدەکات بۆ هاتنە ناوەوەی وەبەرهێنەران و بۆ گەشەسەندنی غەززە."

بەپێی ئەو پلانەی دۆناڵد ترامپ پێشکەشی کردووە، شاندێکی نێودەوڵەتی بە ناوی "ئەنجومەنی ئاشتی" بەرپرسیار دەبێت لە سەرپەرشتیکردنی بەڕێوبەرایەتی کاتی کەرتی غەززە.

هەروەها کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا پیشتر ڕایگەیاندبوو کە "لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە" بە سەرۆکایەتی دکتۆر عەلی شەعث ئەرکی بنیاتنانەوەی دامەزراوە گشتییەکان و نۆژەنکردنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و دامەزراندنی ژێرخانی حوکمڕانی ناوخۆیی لە ئەستۆ دەگرێت.