دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە، 22ی مانگی یەک لە مەراسیمی میساقی ئاشتی لە داڤۆس ڕایگەیاند (کۆماری ئیسلامی) ئێران دەیەوێت دانوستان بکات و ئێمەش دانوستان دەکەین.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بە سەرکەوتنەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی لە ساڵی ڕابردوو سەبارەت بە ئێران کرد و وتی "لە سەرکەوتنێکی گەورەی دیکەدا بە ئاڕاستەی ئاشتی، لە مانگی شەشدا توانای پیتاندنی ئەتۆمی ئێرانمان لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە ناومان لێنا "ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو" بە تەواوی لەناوبرد.
وتیشی "نیوەی شەو بوو، تاریک بوو، مانگ دیار نەبوو. هەر یەکێک لەو بۆمبانەی کە لە فڕۆکەکانی B-2 بەردرانەوە، ڕاستەوخۆ چووبوونە ناو قووڵایی زەوی و هەموو شتێکیان لەناوبرد. تەنیا دوو مانگ مابوو بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی. ئێمە ڕێگەمان نەدا ئەوە ڕووبدات و هەرچییەکیان دروست کردبوو، ئێمە لەناومان برد. ئێستا ئێران دەیەوێت دانوستان بکات و ئێمەش دانوستان دەکەین.
سەرۆک ترامپ ڕۆژی چوارشەممە هیوای خواست کردەوەی سەربازیی دیکەی ئەمەریکا لە ئێران پێویست نەکات ، بەڵام وتی ئەگەر تاران بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەستپێبکاتەوە، ئەمەریکا هەنگاو دەنێت.
هەروەها سەرۆک ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لە داڤۆسی سویسرا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن بی سی وت کە هیوادارە پێویست بە کردەوەی لەشکری ئەمەریکا لە دژی ڕژێمی ئێران نەکات بەهۆی کاردانەوەی حکومەتی ئێران لە بەرامبەر ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی.