نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا لە خولی یەکەمی سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕەتیکردەوە هەڵوێستی نوێی ئەمەریکا بۆ سوریا "خیانەت" بێت لە کورد و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، بەرپرسانی ئەمەریکا هەمیشە و بە ڕوونی بە دەستەڵاتدارانی کوردیان گوتووە پەیوەندی نێوانیان کاتی و تاکتیکیـیە و مامەڵەیەک بووە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بۆ تێکشکاندنی داعش.
جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، لە واشنتن بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "هەر لە سەردەمی ئیدارەی ئۆباماوە، ئێمە هەرگیز بە کوردمان نەگوتووە کە بە تێپەڕبوونی کات پشتگیری لە هەرێمێکی کوردی دەکەین یاخود بە هێزی سەربازییەوە بەرگری لێدەکەین بەرامبەر هیچ لایەنێک جگە لە داعش و ئەسەد و هاوپەیمانەکانی کە بریتی بوون لە ڕووسەکان و ئێرانییەکان. بەڵام هەرگیز نەمانگوتووە بەرگرییان لێدەکەین دژی ئۆپۆزسیۆنی سوریا یان حکومەتی نوێی سوریا. بەڵکو پێمان گوتن کە پەیوەندییەکەمان کاتی و تاکتیکی و سەودای بەرژەوەندی هاوبەشە بۆ لەناوبردنی داعش."
سەبارەت بە داهاتووی سوریا و ئایندەی کورد لە سوریا، جەیمس جێفری ڕایگەیاند، "بە کوردەکانمان ڕاگەیاند کە ئێمە پشتگیری لە بڕیارنامەی ژمارە 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین."
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێکەوتی 18ی دوازدەی 2015 بە کۆی دەنگ بڕیارنامەی ژمارە 2254ی تایبەت بە سوریا پەسەندکرد. بڕیارنامەکە داوای ئاگربەستی سەرتاسەری لە سوریا دەکات و نەخشەڕێگای چارەسەری سیاسیانە بۆ سوریا داوادەکات "بە پابەندبوون بە یەکێتی، سەربەخۆیی، یەکپارچەیی خاک و کاراکتەری ناتایفی سوریا."
جەیمس جێفری بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند حکومەتی ڕاگوزەری سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، ئێستا بە هاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەنگاوەکانی ئەم بڕیارنامەیە جێبەجێ دەکات.
دیمەنی ساتەوەختی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی نێوان مەزلوم عەبدی و ئەحمەد شەرع ، بەرواری 3-10-2025.
وتیشی، "ئێمە هەرگیز خۆمان پابەند نەکردووە بە بەرگریکردن لە کورد دژی هیچ هێزێک جگە لە داعش و ڕژێمی ئەسەد، بەڵکو پابەندبوونمان ڕاگەیاند بۆ بڕیارنامەی ژمارە 2254 . من چەندین جار ئەمەم بۆ ڕوونکردنەوە و خەڵکانی تریش هەمان ڕوونکردنەوەیان داوە پێیان."
جەیمس جێفری بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کاتێک ئەحمەد شەرع هات و ویستی خۆی پیشان دا بۆ بەشداریکردن لە شەری نێونەتەوەیی دژ بە داعش، هاوبەشەکانمان لە سوریا بوون بە دوو، کە بریتین لە ئەحمەد شەرع و هەسەدە. هەروەها، جگە لە پابەندبوونمان بە بڕیارنامەی ژمارە 2254، هەموو وڵاتانی ناوچەکە، جگە لە ئیسرائیل، پێیان وابوو سوریا دەبێت یەگرتوو بێت و پشتگیرییان لە دیمەشق کرد. ئەمەریکا لە دەرەوەی ئەم هاوکێشەیە نییە و پشتگیری لە هەمان سیاسەت دەکات بە هاوکاریکردنی ئەحمەد شەرع."
نێردەکەی پێشووی ئەمەریکا بۆ سوریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایگەیاند بەرپرسانی ئەمەریکا لە دوای ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە، لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا، "زۆر چالاک" لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ سوریایـیەکان و تورکەکان بۆ ڕێگری لە توندوتیژی دژ بە کورد. "پەیوەندی تەلەفۆنی ڕاستەوخۆ هەبووە لە نێوان سەرۆکەکان بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کورد قەتڵ و عام نەکرێت و هێزەکان نەچنە ناوچە کوردییەکانی حەسەکە. بارودۆخەکە ئێستا بەردەوامە بەڵام ئەمە ئاڕاستەی کاری ئەمەریکا بووە."
شایەنی باسە، سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاند کوردی خۆش دەوێت و بەڕێوەبەرایەتییەکەی هەوڵی پاراستنی کورد دەدات.
لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی ڕووداو، سەرۆک ترامپ گوتی، "من کوردم خۆشدەوێت." کاتێک کە پرسیاری ئەوەی لێکرا کورد ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە شکستپێهێنانی داعش شان بە شانی ئەمەریکاییەکان، ئایا چی دەکرێت بۆ پاراستنی، سەرۆک ترامپ گوتی، "کورد پارەیەکی زۆریان پێدراوە، نەوت و شتی تریشمان پێداون. ئەوان لە پێناو خۆیان ئەوە شەڕەیان کرد زیاتر لەوەی لە پێناو ئێمە. بەڵام ئێمە لەگەڵ کورددا گونجاوین و هەوڵ دەدەین بیانپارێزین."
بەشی سەرەوەی نەخشەی سوریا کە بە پرتەقاڵی دیاریکراوە ئەو ناوچەیەیە کە کورد بە جوگرافیای خۆی دەزانێت.
سەرەڕای ئەم پێشهاتە نوێیەی سوریا، نێردەکەی پێشووی ئەمەریکا بۆ سوریا، ڕایگەیاند دەرفەتی کارکردنی هاوبەش لە نێوان ئەمەریکا و کورد بەردەوام دەبێت.
جەیمس جێفری ڕایگەیاند، "بە دڵنیاییەوە دەرفەتی کاری بەیەکەوەمان هەیە؛ بەردەوامین لە کارکردن لەگەڵیان لە شەڕی دژ بە داعش، نامانەوێت ببینین ئەوان بسڕدرێنەوە، دەمانەوێت هێزە کوردییەکان لەگەڵ سوپای سوریا تێکەڵکێش بکرێن و دەستەڵاتێکی بەرچاوی ئیدارەی ناوخۆییان هەبێت."
جەیمس جێفری پێی وایە دەبێت دەستوری سوریا هاوشێوەی عێراق دەستەڵاتی پارێزگاکان فراوان بکات. "باسی ئەوە ناکەم کورد لە سوریا هاوشێوەی کوردی عێراق هەرێمی هەبێت، ئەمە لە سوریا کارناکات. بەڵام بە گوێرەی دەستوری عێراق، پارێزگارەکان لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن، پۆلیسی ناوخۆ لەلایەن دەستەڵاتی ناوخۆ دادەنرێت و بودجەی ناوخۆییش هەیە؛ ئەمە ڕێگای بەرەوپێشچوونە بۆ کورد لە سوریا."