مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڤاتیکان لەگەڵ پاپا کۆبووەوە و باسیان لە پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسە نێودەوڵەتییەکان کراوە.
دەشڵێت "لە میانە دیدارەکەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگی ئاشتی و سەقامگیری و کەمکردنەوەی ئازارەکانی ئەو کۆمەڵگانە کردوەتەوە کە بەهۆی شەڕەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
بارزانی لە وەڵامی پرسیارێکی ڕووداو سەبارەت بەوەی داواکارییەکانی لە پاپا سەبارەت بە ڕۆژئاوا چ دەبێت وتی پشتیوانیم دەوێت. داوا دەکەم بە هێزی ئەخلاقی خۆی پشتگیریمان بکات.
مەسعود بارزانی لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئیتاڵیا، ئاماژەی بەوەدا کە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کۆبوونەتەوە و باسی پرسی جۆراوجۆریان کردووە.
بارزانی سەبارەت بە پرسی پەیوەندی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا و بارودۆخی ڕۆژئاوا، ڕایگەیاند "پێم گوت هیوادارم شەڕ لە نێوان کورد و عەرەب ڕوونەدات و سەرکوتکردن نەبێت و هەموو شتێک بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت."
مەسعود بارزانی و شاندێکی یاوەری هەروەها ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی ئیتاڵیایان کرد و ئەم سەردانەش لە کاتێکدایە گرژی و ئاڵۆزی دۆخی ناوچە کوردنشینەکانی سوریای گرتووەتەوە و جموجۆڵی سەربازی لەسەر سنوورەکانی عێراق و سوریا هەیە. عێراق نیگەرانە لەوەی هەزاران ئەندامی داعش و گروپە چەکدارە توندڕەوەکان بچنە ناو خاکی ئەو وڵاتەوە.