زۆرێک لە کوردەکان دەڵێن تاران بۆ ئێمە تەنیا پایتەختی ئێران نییە، شارێکە بۆنی مردنی لێدێت بۆ زۆرێکمان. شارێکە زۆرجار ناوەکەی لە گێڕانەوەی بنەماڵە کوردەکاندا، گرێدراوە بە هەواڵی تەقەکردن و زیندانیکردن و نەگەڕانەوە و لەسێدارەدان. ئەمجارەیان بنەماڵەی ڕوبینا بوون بە بەشێک لەم چیرۆکە تاڵەی بە تارانەوە گرێدراوە.
ڕوبینا، ئەو خوێندکارە کوردەی خەڵکی هەورامان بوو کە بنەماڵەکەی دەڵێن لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی تاراندا، بە دەستی خاڵی بەشداری خۆپیشاندانەکانی کرد بەڵام هەرگیز نەگەڕایەوە ماڵەوە. کچێک کە بە وتەی بنەماڵەکەی خاوەنی هەزار خەونی گەورە بۆ داهاتووی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە پشتەوە تەقەی لێکرا و ژیانی لەدەستدا.
پوری ڕوبینا دەڵێت کچەکەمان زۆر حەزی لە دیزاینکردنی جلوبەرگی کوردی بوو، بۆیەش بە ئیلهام وەرگرتن لە هونەری ناوچەکانی دیکە، جلوبەرگی کوردی دیزاین دەکرد و دەیڕازاندەوە و هەوڵی ناساندنی دەدا بە نەوەی گەنج بە شێوەیەکی مۆدێرن و نوێ.
دەشڵێت لەبەر ئەم حەزەی بۆ جلوبەرگ بوو کە خوێندنی لە بواری دیزاینی جلوبەرگ هەڵبژارد و لە زانکۆیەکی تاران لە دوایین ڕۆژەکانی خوێندنی بوو کە لە خۆپیشاندانەکاندا کوژرا.
هەڵاڵە نوری، پوری ڕوبینا ئەمینیان لە نەرویجەوە لە گفتوگۆیەکدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا باس لە چۆنییەتی کوژران و دۆخی بنەماڵەکەی دەکات لە ئێران.
Your browser doesn’t support HTML5
هەڵاڵە نوری-پوری ڕۆبینا کە بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژرا