وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: ڕژیمی کۆماری ئیسلامی شەڕی لە دژی خەڵکی ئێران هەڵگیرساندوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە هەژماری فارسی زمانی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە "جەنگ" و "هەڕەشەی ئاشکرا" لە دژی خەڵک ناودەبات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە ڕۆژی چوارشەممە 21ی مانگی یەک لە هەژماری خۆی لە ئێکس، گرتەیەکی ڤیدیۆیی کاروانێکی بارهەڵگری سەربازی لە شەقامی یەکێک لە شارەکانی پارێزگای لوڕستاندا بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی "کاتێک کاروانەکانی بارهەڵگری سەوزی سەربازی و دۆشکە لە شەقامەکانی لوڕستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران ڕیز دەبن، یەک شت ڕوون دەکاتەوە و ئەویش ئەوەیە کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، خەڵکی ئێران ناپارێزێت، بەڵکو شەڕ لە دژی ئەوان دەکات."


وەزارەتەکە لە درێژەی نووسینەکەدا دەشڵێت "ئەمە ئاسایش نییە، ئەمە هەڕەشەیەکی ئاشکرایە."

پێشتریش هەژماری زمانی فارسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە پچرانی ئینتەرنێت لە ئێران، نووسیبووی کۆماری ئیسلامی بە مەبەست خەڵکی ئێرانی لە جیهانی دەرەوە دابڕاندووە و سەرکوتکردنە دڕندانەکانی خۆی شاردووەتەوە.

سەرۆک کۆماری ئەمەریکا پێشتر لەبارەی کوشتن و لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران لە ئێران هۆشداریی بە کۆماری ئیسلامی دابوو و ڕایگەیاندبوو ئەگەر حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە کوشتنی خۆپیشاندەران بەردەوام بێت، ئەمەریکا هەنگاو دەگرێتەبەر.