نوێنەرایەتی ئەمەریکا لە هەولێر: هاووڵاتیانی ئەمەریکای خۆتان لە خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی گەورە دوور بگرن

لە ئەگەری سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی بەرفراوان لە هەولێر و شارەکانی تری هەرێمی کوردستان بە هۆی ئاڵۆزییەکانی سوریا، کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ‌هۆشداری بە هاووڵاتیانی ئەمەریکایی دا خۆیان لە خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی جەماوەری بەدوور بگرن.

کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکی هۆشداریدا ئەمڕۆ سێشەممە دەڵێت، چاودێری بانگەوازەکان دەکات بۆ خۆپیشاندان لە هەولێر و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕۆژی سێشەممە 20ی یەکی 2026.

دەشڵێت، "نوێنەرایەتی ئەمەریکا بەردەوامە لە ئامۆژگاریکردنی هاووڵاتیانی ئەمەریکی بۆ چاودێریکردنی میدیا ناوخۆییەکان بۆ زانیاری تازە و دوورکەوتنەوە لە خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی گەورە. شیانی هەیە ئەم جۆرە خۆپیشاندانانە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بە خێرایی پەرەبسەنن و زۆرجار هاتوچۆ و گواستنەوە و خزمەتگوزارییەکانی دیکە دەبڕن و هەندێک جاریش ئەگەری هەیە توندوتیژییان لێبکەوێتەوە."

ڕێنمایی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ هاووڵاتیانی ئەمەریکی سەبارەت بە گەشتکردن بۆ عێراق لە پلەبەندی ئاستی چوارەمدایە، واتا "گەشت مەکە" بۆ عێراق، بە هۆی مەترسییەکانی تیرۆر، ڕفاندن، ململانێی چەکداری، نائارامی مەدەنی، و توانای سنوورداری نوێنەرایەتی ئەمەریکا لە عێراق بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی بۆ هاوڵاتیانی ئەمەریکی.

کونسوڵخانەی ئەمەریکا هەروەها داوا لە هاووڵاتیانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان دەکات "بە وریایی" مامەڵە بکەن و دووربکەونەوە لە خۆدەرخستن ئەگەر بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کەوتنە ناوچەکانی دەوروبەری کۆبوونەوە گەورەکان و خۆپیشاندانەکان.