دوابەدوای هەڵوەشاندنەوەی بانگهێشتکردنی عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کۆڕبەندی داڤۆس، سیناتۆر لینزی گراهام خۆشحاڵی خۆی بەو بڕیارە دەردەبرێت و جەخت لەوە دەکاتەوە عەراقچی "وتەبێژی ڕژێمێکی تیرۆریستییە" و نابێت لە کۆنفرانسەکەدا بەشداری بکات.
گراهام لە پەیامێکدا کە ڕۆژی دووشەممە، 19ی مانگی یەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت "بە ناوی ئەوانەی لە سەرانسەری جیهاندا خوازیاری ئازادی و ڕزگاربوونن لە چەوساندنەوە و سەرکوتکردن، سوپاسی بڕیارەکەتان دەکەم کە ڕێگە نادەن وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس قسە بکات."
ئەو سیناتۆرە کۆمارییە لە بەردەوامی نووسینەکەیدا ڕایگەیاندووە "زۆر خۆشحاڵم کە بیستوومە بەرپرسانی داڤۆس درکیان بەوە کردووە کە نابێت وەزیری دەرەوەی ئێران کە وتەبێژی ڕژێمێکی تیرۆریستییە و هاووڵاتیانی خۆی دەکوژێت و خوێنی ئەمەریکاییەکانی لەسەر دەستە، لە کۆنفرانسەکەدا ئامادە بێت."
کۆڕبەندی ئابووری جیهانی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند بانگهێشتنامەی عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ بەشداریکردن و قسەکردن لە کۆبوونەوەی داڤۆس هەڵوەشاندوەتەوە، ئەمەش لە کاردانەوە بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە.
گراهام پیشتر لە وەڵامی هەواڵەکان سەبارەت بە بانگهێشتی عەراقچی بۆ ئەو کۆڕبەندە، وێرای سەرکۆنەکردنی ئەو بڕیارە لەلایەن ڕێکخەرانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانییەوە، نووسیبوی "بانگهێشتکردنی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ قسەکردن لەو کۆڕبەندە لە ئێستادا هاوشێوەی بانگهێشتکردنی هیتلەر دەبێت بۆ بۆنەیەکی جیهانی دوای کوشتنی جووەکان."