فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکانی سوریا ڕاگەیاند.
براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم ڕۆژی شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "پێشوازی لە هەوڵە بەردەوامەکانی هەموو لایەنەکانی سوریا دەکەین بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی شەڕەکان و گەیشتن بە چارەسەری دانوستان".
ئەو فەرماندە ئەمەریکاییە ئەوەشی خستەڕوو، "هەروەها داوا لە هێزەکانی حکومەتی سوریا دەکەین هەموو کردارە شەڕانگێزییەکانیان لە ناوچەکانی نێوان حەلەب و تەبقە ڕابگرن".
کوپەر ئاماژەی بەوەشکرد، "شەڕی توند دژی داعش و دامەزراندنی ئامادەیی سەربازی بەردەوام پێویستی بە کاری هاوبەش هەیە لەنێوان هەموو هاوبەشەکانی سوریا، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان. سوریایەک کە لەگەڵ خۆی و دراوسێکانیدا ئاشتی بێت، پێویستە بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە سەرتاسەری ناوچەکەدا".
بەیاننامەکەی سێنتکۆم لە کاتێکدایە کە شەڕ و نائارامی لە بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب و ڕەقە لە نێوان هێزەکانی حکومەتی کاتیی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بەردەوامە. لە هەمان کاتدا ئەمەریکا بەردەوامە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.
ئەمڕۆ شەممە، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سوریا، لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە و مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە هەولێر کۆبووەوە.