نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە فەرمانەکەی ئەحمەد شەرع تایبەت بە مافی کورد دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لەو فەرمانە دەکات کە ڕۆژی هەینی لەلایەن ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتیی سوریا، تایبەت بە مافەکانی کورد ڕاگەیەندرا. لە کاتێکدا بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەڵیت مافەکان بە فەرمانی کاتی دەستەبەرنابن بەڵکو دەبێت بە دەستورێکی دیموکراسی هەمیشەیی بێت.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی شەممە لە هەژمارەی تایبەتی ئێکسی خۆی ڕاگەیاند " ڕێزگرتن لە فرەیی و یەکسانی وەک سەرچاوەی هێز، نەک هۆکاری دابەشبوون، بنەمای سەقامگیری و ئاشتییە و پێکەوەژیانی نیشتمانی بەهێز دەکات. له‌ كاتێكدا ئه‌م مه‌رسوومه‌ به‌رز هه‌ڵده‌سه‌نگێنين، دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ بەهای تەواوەتیی ئەم بڕیارانە له‌وه‌دايه‌ بکرێنە یاسای بەکار و لە دەستوورى داهاتووى سووريادا جێگير بكرێن بۆ ئەوەی پارێزراو و بەردەوام بن."

هەروەها بارزانی ڕایشیگەیاندووە " پشتیوانیی هەر هەوڵێک دەکەین بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێک له‌ سووریا کە هەموو پێکهاتەکان بێ جیاوازی و پەراوێزخستن لەباوەش بگرێت، تیایدا مافه‌ سیاسی و کولتوورییه‌کانی هه‌مووان مسۆگه‌ر و پارێزراو بن و ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌ به‌هێز بكات."

داواشی لە هەموو لایەنەکان کردووە دوور بکەونەوە لە توندوتیژی و پێکەوە کار بکەن "بۆ دانانی میکانیزمی ڕوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم مەرسوومە و گۆڕینی بۆ سیاسەت و کرداری بەرجەستە."

ڕاگەیاندنەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە کاتێکدایە کە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێی وایە پێویستە لە ڕێگەی دەستورێکی دیموکراسییەوە پاراستنی مافەکانی کورد و قەوارەکانی دیکەی سوریا دەستەبەر بکرێت.

بەرێوەبەرایەتی خۆسەر ڕۆژی شەممە لەسەر ئەو فەرمانەی ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی کاتیی سوریا، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تیایدا دەڵێت ماف بە فەرمانی کاتیی ناپارێزرێن، بەڵکو لە دەستوورە هەمیشەییەکاندا چەسپێنراون کە گوزارشت لە ئیرادەی گەل و قەوارەکان دەکەن.

ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەردا لەگەڵ ئەوەی فەرمانەکە بە یەکەم هەنگاو بەرەو دەستەبەرکردنی مافەکانی ناودێر دەکات بەڵام ئاماژە بەوە دەکات " هیچ فەرمانێک مه‌به‌ست لێی هه‌ر شتێک بێت، نابێته‌ گه‌ره‌نتی راسته‌قینه‌ بۆ مافه‌كانی پێكهاته‌كانی سوریا ئه‌گه‌ر به‌شێک نه‌بێت له‌ چوارچێوه‌یه‌كی ده‌ستووری گشتگیر كه‌ دان به‌ مافه‌كانی هه‌مواندا بنێت و بیانپارێزێت."

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سوریا، رۆژی هەینی فەرمانێکی دەرەکرد و تێیدا دەڵێت کورد "بەشێکی بنەڕەتی و رەسەنی گەلی سووریان." هەروەها زمانی کوردیشی وەکو زمانێکی نیشتمانی ناساند و رۆژی نەورۆزیشی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا کردە پشووی فەرمی.

سەرۆکی کاتی سوریا لە فەرمانەکەدا جەختیشی لەوە کردووەتەوە، شوناسی کولتووری و زمانی کورد "بەشێکی دانەبڕاوی شوناسی نیشتمانیی فرەڕەنگ و یەکگرتووی سووریایە."

خاڵێکی تری فەرمانەکە ئاسەوارەکانی سەرژمێریی مشتومڕلەسەری ساڵی 1962ی پارێزگای حەسەکە هەڵدەوەشێنێتەوە، کە بەهۆیەوە سەدان هەزار کورد لە وڵاتی بوون بێبەشکران. بەپێی فەرمانە نوێیەکە، وڵاتینامەی هەموو بە هەموو ئەو کوردانە دەدرێت کە لە سوویا نیشتەجێن، بە بێ-ناسنامەکانیشەوە.