سیناتۆر گراهام: لە ئەمەریکا پشتگیری فراوان دەبێت دژی هەر کردەیەکی هێزەکانی سوریا بۆ سەر کورد

لینزی گراهام سیناتۆری کۆماری نیگەرانی لە ئەگەری هێرشی هێزەکانی حکومەتی نوێی سوریا بە پاڵپشتی تورکیا بۆ سەر کورد دەربڕی و وتی نابێت متمانە بە تورکیا و حکومەتی سوریا بکرێت لەبری کورد چاودێری زیندانیانی داعش بکەن.

لینزی گراهام ئێوارەی پێنجشەممە لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "هەروەک پێشتریش ئاماژەم دا، تادێت نیگەرانییەکانم زیاتر دەبن کە حکومەتی نوێی سوریا هاوتەریب دەبێت لەگەڵ تورکیا بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی کوردەکانی سوریا، کە بەهێزترین هاوپەیمانی ئێمەن لە شکستی بەردەوامی داعش لە سوریا."

سیناتۆرە کۆمارییەکە ئاماژە بەوە دەکات بەڕێوەبەرایەتی رۆژئاڤا چاودێری نزیکەی نۆ هەزار "لە خراپترین خراپترینەکانی" داعش لە زیندانەکان دەکات و " لە بەرژەوەندی سەرەکی ئاسایشی نیشتمانیی ئێمەدایە کە ئەم زیندانیانە نەچنەوە بەرەکانی شەڕ."

لینزی گراهام ڕایگەیاند پشتگیری لەوە دەکات هەلێک بە حکومەتی نوێی سوریا بدرێت "بەڵام ئەگەر هێرشەکان لە دژی کوردەکان لەلایەن هێزەکانی سوریاوە بە پشتیوانی تورکیا زیادبکەن، ئەمە دەبێتە هۆی دروستکردنی بارودۆخێکی تەواو نوێ."

سیناتۆرە کۆمارییەکە لە کۆتایی پەیامەکەدا وتی، "پێم وایە لە ئەمەریکا پشتگیرییەکی بەرفراوان و قووڵی دوولایەنە [کۆماری و دیموکراتەکان] دەبێت بۆ پاڵنانە دواوە لە دژی هێرشێکی وەها. ئەگەر کەسێک باوەڕی بەوە هەبێت کە من یان هەر هاوکارێکم ئاسوودە دەبین - لەم قۆناغەدا - بۆ ئەوەی دیلەکانی داعش لە بری کورد لەلایەن سوپای سوریا یان تورکیاوە پاسەوانی بکرێن، بەداخەوە هەڵەن. با بژاردەکەتان ژیرانە بێت."

سیناتۆرەکەی کارۆلینای باشوور چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەسەر هەمان بابەت بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و جەختی لەسەر پشتیوانی ئەمریکا بۆ کوردەکانی سوریا وەک هاوپەیمان کردبووەوە.