حەشدی شەعبی چووەتە ئەهواز بە مەبەستی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ئێران

هاوکاتی بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە چوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکەن بۆ ناو ئێران بە مەبەستی هاوکاری کردنی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز، چالاکوانێکی سیاسی عێراقی دەڵێت بە دیاری کراوی ئەو هێزانە چوونەتە نێو ئەهوازەوە.

محەمەد عەفلوک، چالاکوانی سیاسی عێراقی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ‌هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕەوانەی ئێران کراون و بە دیاریکراوی چوونەتە ناوچەی ئەهواز."

ئەو چالاکوانە دەڵێت چونکە ناوچەی ئەهواز عەرەبن " بۆیە هێزەکان ڕەوانەی ئەوێ کراون تا گومانیان لێ نەکرێت."

هەروەها جەختیشی کردەوە لەوەی " حەشد نایشارێتەوە ئەوان و ئێران لەسەر یەک هێڵی ستراتیژین و لە خۆشی و ناخۆشی یەکدا بەشدارن."

ئیسماعیل حەدیدی سەرکردەیەکی باڵای سوننە لە عێراق نیگەرانی لەمەڕ بەشداری کردنی هەر هێزێکی عێراقی لە ململانێکانی ئیراندا دەربڕیو بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەمەریکا چاودێری ڕەوشەکە لە عێراق دەکات و هەر بەشدارییەکی هێزێکی عێراقی لەو کێشانەی ئێراندا عێراقیش دەکات بە بەشێک لە کێشەکە."

گوتیشی هەر لایەنێکی عێراقی پشتیوانی ئێران بکات کێشە بۆ هەموومان دروست دەکات و " بۆی هەیە هێرشیش بکرێتە سەرمان. من ناخوازم عێراق بە هیچ جۆرێک بەشداری بکات."

ڕۆژی چوارشەممەش سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بە مەرجێک ناوی ئاشکرا نەکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئێوارەی سێشەممە نزیکەی 40 ئۆتۆمبێلی هێزەکانی نوجەبا، لە مەرزی مونزرییەوە چوونەتە نێو ئێرانەوە بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی ئێران لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران."

ماڵپەڕی میدیالاینیش دەڵێت دەیان پاسی پڕ لە هێزی چەکدار بە نێوی زیارەتەوە لە عێراقەوە ڕەوانەی ئێران کراون. کە گومان دەکرێت چەکدارە شیعەکانی تێدا بووبن.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەلایەن سەرچاوە ناوخۆییەکانی عێراقەوە بۆ ماڵپەڕی ئەمەریکایی میدیالای بۆ ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پشتڕاستکراوەتەوە تا ئێوارەی یەکشەممە، زیاتر لە 60 پاس لە سنووری عێراقەوە چوونەتە ناو ئێران. هەریەک لەو پاسانە نزیکەی 50 کەسی تێدا بووە.

ڕۆژی پێنجشەممەش ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە کە گوایە میتی تورکیا ئێرانی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی هێزە کوردەکانی لە سنووری عێراقەوە چوونەتە نێو ئێران. بەڵام پاش پەیوەندی کردن بە چەندین سەرچاوەوە دەنگی ئەمەریکا نەیتوانیوە ئەوە پشتڕاست بکاتەوە.

چالاکوان محەمەد مەعلوفیش، دەڵێت هیچ زانیاریەکیان لەوە بارەیەوە پێ نەگەیشتووە و بڕوا ناکات شتی وا هەبێت.