ئاژانسی فرانس پرێس و ڕۆیتەرز ڕۆژی پێنجشەممە،15ی مانگی یەک بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویانکردووەتەوە وڵاتانی عەرەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژی هێرشی سەربازیی بەڕێوبەرایەتی دۆناڵد ترامپن بۆ سەر ئێران و لەو بارەیەوە لەگەڵ ئەمەریکا وتووێژیان کردووە و ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە.
بەرپرسێکی ناوچەیی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند چوار وڵاتی عەرەبی، لەوانە سعودیە، قەتەر، عومان و میسر، هەوڵی دیپلۆماسی چڕیان لەگەڵ ئەمەریکا و ئێران دەستپێکردووە بۆ ئەوەی ڕێگەبگرن لە ئەگەری هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، حکومەتی ئەمەریکا بە هۆی توندوتیژی کۆماری ئیسلامی لە دژی خۆپیشاندەرانی ئێران، پلانی داڕشتبوو بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازی و ئەو وڵاتانەش نیگەران بوون لەوەی ئەمە لێکەوتەی بەربڵاوی لە سەرانسەری ناوچەکەدا هەبێت.
بە گوێرەی هەواڵەکەی ڕۆیتەرز، ئەو چوار وڵاتە بە واشنتنیان ڕاگەیاندووە هەر جۆرە هێرشێک لێکەوتەی ئەمنی و ئابووری بۆ هەموو ناوچەکە دەبێت کە ئەمەش دواجار کاریگەری لەسەر خودی ئەمەریکا دەبێت.
لینزی گراهام سیناتۆری کۆماری لە پەیامێکدا لە کەناڵی ئێکس نیگەرانی خۆی سەبارەت بەم هەواڵانە دەربڕیوە و نووسیویەتی هەواڵەکان کە باس لەوە دەکەن هاوپەیمانە بەناو عەرەبییەکانی ئەمەریکا لە بەرژەوەندی ئێراندا دەستوەردانیان کردووە بۆ ئەوەی ڕێگری لە دۆناڵد ترامپ بکەن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەربازی یەکلاکەرەوە و ئەمەش زۆر جێگای نیگەرانیە.
گراهام لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت ڕژێمی ئایەتوڵا، خوێنی ئەمەریکایی لەسەر دەستە و خەریکی کوشتنی خەڵکن لە شەقامەکاندا.
ئەو سیناتۆرە کۆماریـیە جەختی لەوە کردەوە "ئەگەر بێت و ڕاست بێت کە وەڵامی عەرەبەکان ئەوەیە کە هیچ کردارێک دژی ئێران پێویست نییە"ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کوشتن و بڕینی ترسناکانەی ئێستای خەڵکی بێتاوان، ئەوا ناچار دەبم هەڵسەنگاندنێکی بەرچاو بۆ سروشتی ئەو هاوپەیمانیانە بکەم، چ لە ئێستادا و چ لە داهاتوودا."
ئاماژەی بەوەشکردووە "قسە لەسەر ئەسڵی هێرشەکە نییە، بەڵکو دەبێت قسە لەسەر ئەوە بێت کە هێرشەکە گەورە بێت یان بچووک کە من لەگەڵ هێرشێکی گەورەدام."